کۆنفڕانسی بۆگۆتا لەپێناو ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان بانگەوازی راگەیاند

کۆنفڕانسی 'وەستانەوە دژی سەرمایەداری' کە لە بۆگۆتای پایتەختی کۆلۆمبیا بەڕێوەچوو لەپێناو ئازادی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی سیاسی لە سەرتاسەری جیهان بانگەوازی راگەیاند.

کۆنفڕانسەکە لە زانکۆی دیستریای بۆگۆتا لە ژێر ناونیشانی "تا بونیادنانی کۆمەڵگای دیموکراتیک، وەستانەوە بەرامبەر سەرمایەداری" لە ٢٨ی تەمووزدا دەستیپێکرد و سێ رۆژ بەردەوام بوو.

لە چوارچێوەی پاڕادایمی "نەتەوەی دیموکراتیک و کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیک"ی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان گفتوگۆ بەڕێوەچوو.

نوێنەرانی گەل و رێکخراوە جیاجیاکان ماوەی سێ رۆژ ئەزمونەکانی خۆیان هاوبەشی پێکرد و جەختیان لەسەر پێویستی تێکۆشانی هاوبەش لەپێناو بونیادنانی جیهانێکی نوێ کردەوە.

لە ١٥ وڵاتەوە ٥٠ رێکخراو بەشدارییان لە کۆنفڕانسەکەدا کرد و لە کۆتاییشدا بانگەوازێکی هاوبەشیان راگەیاند.

لە بانگەوازە هاوبەشەکەدا بەبیرهێنرایەوە کە نزیکەی ٣٠٠ کەسایەتی لە رێکخراوەکانی گەلان و بزوتنەوە جیاجیا کۆمەڵایەتیەکان لە سەرتاسەری جیهانەوە لە کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی لە ژێر ناوی 'وەستانەوە دژی سەرمایەداری و بەرەو بونیادنانی کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک' کۆبوونەوە.

لە دەقە هاوبەشەکەدا راگەیەندراوە کە لە سایەی یەکێتی و پشتیوانی گەلان سەرمایەداری، نەژادپەرستی، باوکسالاری و کۆلۆنیالیزم بە دڵنیاییەوە لەناو دەچن و ئەوەش هاتووە: "لە سەر ناوی ئەو ئەندێشە هاوبەشەدا و بۆ پێداگری لە سەر پێسنیازەکانی خۆبەڕێوەبەریی هەرێمی، لە پێناو رزگاری لە مێشکی کۆلۆنیالیست و باڵادەست، بۆ نوێکردنەوە ئەندێشە و رێکخستنکردنی شۆڕشگێڕیی ئێمە دەنگ و دەستمان یەکدەخەین".

لە راگەیەندراوەکەدا بانگەواز بۆ زیاتر کۆبوونەوە و هاوبەشیکردن بە ئەزمونەکان کرا و راگەیاندرا: "ئێمە داوا دەکەین کە بە شێوەیەکی پێکەوەیی و کۆلەکتیڤ لە خۆمان بڕوانین، چیرۆک، دڵ و تێکۆشانمان یەکبخەین".

هەروەها لە پێناو بونیادنانی کۆمەڵگای ئازاد و دیموکراتیک بانگەواز کرا و لە کۆتاییدا راگەیەندرا" بە تایبەتی بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان، داوای گوڕدان بە تێکۆشان دەکەین بۆ ئازادی زیندانیانی سیاسی لە کوردستان و سەرتاسەری جیهان".

هـ . ب