کۆنسەی ئەوروپا داوای کرد دەمودەست دەمیرتاش ئازاد بکرێت

کۆمیتەی وەزیرانی کۆنسەی ئەوروپا بانگەوازی لە دەوڵەتی تورک کرد، بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا جێبەجێ بکات و دەمیرتاش ئازاد بکات و بۆ عوسمان کاڤالا درێژە بە دیالۆگ بدات.

کۆمیتەی وەزیرانی کۆنسەی ئەوروپا بۆ بەدواداچوون بۆ بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤ ئەوروپا دەربارەی دەمیرتاش و کاڤالا کۆبووەوە. ڕەخنەی لە ئەنقەرە گرت بەهۆی جێبەجێ نەکردنی بڕیارەکان. هەرچەند دادگاکە بڕیاری ئازادکردنی کاڤالای دەرکردووە، بەڵام بەهۆی دۆزی غازیەوە سزای هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە.

هاوکات دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بڕیاری دا بە ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش.

کۆمیتەی وەزیرانی کۆنسەی ئەوروپا لە ستراسبۆرگ کۆبووەوە، جارێکی تر بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤ نرخاندنی بۆ کرا.

کۆمیتەکە داوای ئازادی دەمودەستی دەمیرتاشی کرد بەگوێرەی بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا، جەختی کردەوە ئەگەر گۆڕانێک لە ڕەوشی دەمیرتاش نەیەتەدی، دەبێت لە کۆبوونەوەی حوزەیرانی ٢٠٢٤ بڕیارێکی هەنوکەیی و هۆشیارانە بدەن.

پەیوەست بە دۆزی کاڤالا جەختی لە گرنگی دیالۆگی تەکنیکی لەگەڵ تورکیا کردەوە، هاوکات بڕیاریدا لەگەڵ ئەنقەرە دانوستانی سیاسی و تەکنیکی ئاست بەرز بەردەوام بکات.

تورکیا بەهۆی جێبەجێ نەکردنی بڕیاری دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا، کەوتنە ژێر چاودێری کۆمیتەی وەزیرانی ئەوروپا.

کۆمیتەی وەزیران دیسانەوە بانگەوازی لە ئەنقەرە کرد بەگوێرەی بڕیاری دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بۆ ئازادکردنی دەمودەستی کاڤالا بجووڵێتەوە و تیشکی خستەسەر گرنگی دیالۆگ، بەڵام هەرچەند ئەنقەرە بەگوێرە بڕیارەکان نەجووڵایەوە، هیچ ڕێکارێک لە دژی نەگیرایەبەر.