کوردەکان بەشدارییان لە چالاکییەکانی دژ بە کۆبوونەوەی لوتکەی جی ٧ دا کرد

لە دژی کۆبوونەوەی لوتکەی جی ٧ کە لە ئیتالیا بەڕێوەدەچێت، بە هەزاران کەس کۆبوونەوەو سیاسەتە شەڕانگێزانەکانیان شەرمەزار کرد.

بەهۆی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی لوتکە جی ٧ لە شاری فاسانۆی ئیتالیا ، ئەندامانی سەندیکای کرێکارانی جۆباس، گردبوونەوەی خوێندکاران و ژمارەیەکی زۆر لە رێکخراوەکان لە ناوەڕاستی شار کۆبوونەوە و چالاکی شەرمەزارکردنیان سازکرد.

بە هەزاران کەس دەسەڵآتدارانیان شەرمەزارکرد و رایانگەیاند کە ئەوان نابنە هاوبەشی شەڕێک کە دەیانەوێت بەڕێوەببەین. ئەندامەکانی کۆمیتەی کوردیش بەشدارییان لە چالاکیەکەدا کرد.

ئەرۆل ئایدەمیر بە نوێنەرایەتی کورد لە چالاکیەکەدا قسەی کرد و سەرنجی راکێشا بۆ سەر سیستمی گۆشەگیری نێونەتەوەیی لەسەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ئەوەی خستەڕوو کە سەرکردە شەڕانگێزەکانی جی ٧ جیهان بەرەو شەڕێکی هەمەلایەنەی چەپەڵ دەبەن، سیستمی سەرمایەداری کە لەناو گێژاودایە بۆ ئەوەی لەوە رزگاری ببێت پرۆژەی شەڕ ئامادە دەکات.

ئایدەمیر هێمای بۆ ئەوە کرد کە لە بەر ئەوەی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی و کیمیایی ئەو سەرکردە شەڕخوازانە، گۆڕانکاری کەشوهەوا دروست بووە، هاوسەنگی ئیکۆلۆژی تێکچووە. لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا وتی، دەوڵەتانی لایەنگری شەر ئەردۆغانیشیان لە ئامانجە چەپەڵەکانیدا بەشدار کردووە و قڕکردنیان بەسەر کۆمەڵگاکاندا سەپاندووە.

ئایدەمیر دەستنیشانی کرد کە لە دژی سیستمی سەرمایەداری دەوڵەت نەتەوەکان کە گەیشتووەتە بنبەست، چارەسەری کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیکە.

لە رێپێوانەکەدا دروشمەکانی وەک "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان"، "ئازادی بۆ فەلەستین" و "تیرۆریست ئەردۆغان" وترانەوە.

هـ . ب