لە بڕۆکسل یادی شەهیدی قەڵەم وەدات حسێن کرایەوە

لە بڕۆکسل-ی پایتەختی بەلجیکا، بەئامادەبوونی ڕۆژنامەوانای هەر چواربەشی کوردستان یادی شەهیدی قەڵەم وەدات حسێن کرایەوە و تێیدا، تیرۆركردنی ڕۆژنامەنووسان ‌و بەرتەسككردنەوەی ئازادیی ڕادەربڕین لە باشووری كوردستان شەرمەزار کران.

ئەمڕۆ لە بڕۆکسل-ی پایتەختی بەلجیکا، بەئامادەبوونی ڕۆژنامەوانای هەر چواربەشی کوردستان بە مەاسیمێک ٥مین ساڵیادی شەهیدی قەڵەم وەدات حسێن کرایەوە.

لە ڕێوڕەسمەکەدا، بەشداربووان سەرباری یادکردنەوەی هاوپیشەکەیان، بەتووندیش سەرکۆنەی تیرۆرکردنی وەدات حسێن و تیرۆری تەواوی ڕۆژنامەوانانیان کرد.

پاشان ڕۆژنامەوان هەندرێن هەورامی، لە پەیامی ڕێوڕەسمەکەدا ڕایگەیاند: “ئێمە بەهیچ شێوەیەک لە سەر خوێنی بەناحەقڕژاوی شەهیدانی قەڵەم، سازش ناکەین، تا ئەو کاتەی بکوژانی وەدات و هاوڕێکانی دەدۆزرێنەوە و دەدرێنە دادگا”.

ئاماژەشی بەوەش کرد: “ئەوەی کە ئەمڕۆ لەدەستمان دێت، دووپاتکردنەوەی هەمان ئەو بەڵێنەیە کە لە ڕۆژی یەکەمی تیرۆرکردنیان، بە هاوپیشەکانمان دابوو”.

هاوکات هەر لە ڕێوڕەسمەکەدا، فەهیم ئیشک، نووسەر و ڕۆژنامەوان ڕایگەیاند: “ئەگەرچی لە بەشە داگیرکراوەکانی کوردستان، ڕۆژنامەوانان دەستگیر و شەهید دەکرێن، بەڵام ئەوەی کە زیاتر نیگەرانمان دەکات، دووبارەبوونەوەی ئەو حاڵەتانەیە لە باشووری کوردستان و لەژێر دەسەڵاتی کوردی ڕۆژنامەوانان تیرۆر دەکرێن”.

ئەوەشی خستەڕوو: “لە کاتێکدا یادی وەدات حسێن شەهیدی قەڵەم دەکەینەوە، کە بە دەیان ڕۆژنامەوان و چالاکوانی لە باشووری کوردستان لە زیندانەکاندان، بۆیە بەتوندی سەرکۆنەی هەموو ئەو ڕەفتارانەی دەسەڵاتدارانی کورد لە باشور دەکەین و دووپاتیشی دەکەینەوە، کە دەست لەو کارانە هەڵگرن و داوش دەکەین بە زووترین کات بکوژانی وەدات و هاوڕێکانی بدرێنە دادگا”.
دواتر دانای گوڵی ڕێز و وەفا لە بەردەم وێنەی شەهید وەدات و وتەنەوەی دروشمی شەهیدان نامرن، کۆتایی بە مەڕاسیمەکە هات.

ڕۆژی ١٣ی ئابی ٢٠١٦، ڕۆژنامەنووس وەدات حسێن‌، دوای چوونەدەرەوەی لە ماڵ لە گەڕەکی ماڵتای شاری دهۆک، ڕفێنرا و پاش ئەشکەنجەدانێکی زۆر، شەهید کرا، لە کاتژمێر ١٢:٣٠ خولەکی نیوەڕۆ، تەرمەکەی لە ڕێگای سێمێل -دهۆک، دۆزرایەوە. تا بە ئەڕۆژی لەگەڵدا بێت، بکوژانی کە سەر بە پەدەکەن دەستگیر و دادگایی نەکراون و لەلایەن دەسەڵاتی هەولێر/ بادینانەوە دەپارێزرێن.

هـ.هـ