لە جنێڤ سیستمی ئەشکەنجە و بەرخودانی ٢٥ ساڵەی ئیمراڵی تاوتوێ کران

لە جنێڤ بە ناونیشانی "زیندانیانی سیاسی لە جیهان و تورکیا" کۆنفڕانسێک سازکرا. کەسانی پسپۆڕ و تایبەتمەند لە بوارەکەدا بەشدارییان لە کۆنفڕانسەکەدا کرد و سیستمی ئەشکەنجە و بەرخودانی ئیمراڵییان خستەبەر باس و تاوتوێیان کردن.

لە چوارچێوەی هەڵمەتی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەر بۆ پرسی کورد' کە لە ١٠ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٣ لە سەرتاسەری جیهان دەستیپێکرا، لە شاری جنێڤی سویسڕا بە ناونیسانی "زیندانیانی سیاسی لە جیهان و تورکیا" کۆنفڕانسێک سازکرا. کەسانی پرسپۆڕ لەو بوارە بەشدارییان لە کۆنفڕانسەکەدا کرد. کۆنفڕانسەکە لە یونی مایلی زانکۆی جنێڤ بەڕێوەدەچێت. لە پانێلەکاندا بە ناونیشانی جیاجیا وتار پێشکەش دەکرێن و گفتوگۆ لەبارەی بابەتەکانەوە دەکرێن. ئەندامی کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە زانکۆی جنێڤ (ئادەک) هێلین ساغڵام وتاری کردنەوە پێسکەش کرد.

هێلی ساغڵام ئەوەی خستەڕوو، کە کۆنفڕانسەکە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی زیندانیانی سیاسی سازکراوە و هیوای خواست کۆنفڕانسەکە ببێتە مایەی چەسپاندنی یاسا و دادپەروەری. هێلین ساغڵام باسی ئەو دژواری و تەنگوچەڵەمانە کرد، کە زیندانیانی سیاسی لە تورکیا رووبەڕوویان دەبنەوە.

دوای وتاری کردنەوە، لە پانێلی یەکەمی کۆنفڕانسەکەدا کە بە ناونیشانی "زیندانەکان بۆچی دروستکران و بۆ زیندانیانی سیاسی چ واتایەک دەگەیەنێت"، "دروستکردنی زیندان بۆ بەرهەڵستکاران" و "زیندانیانی سیاسی لە جیهان" چەند وتارێک پێشکەش کران. ئێلیزابێس دیکری وارنێر پارێزەر و بەرگریکاری مافەکانی مرۆڤی سویسڕی پانێلەکەی بەرێوەبرد. یەک لە ئەندامانی پێشووی کۆمیتەی رێگریی لە ئەشکەنجەی ئەوروپا (سی پی تی)، پسپۆری پزیشکی داد و مافناس ژان پیێر رێستیلینی کە لە سێ کاتی جیاجیادا سەردانی ئیمراڵی کردووە و لە پارێزەرانی سەندیکای پارێزەرانی بروکسێل جان فێرمۆن وتاریان پێشکەش کرد.

دیکرێ وارنەر: بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان هەمووان دەتوانن شتێک بکەن

پارێزەر و بەرگریکاری مافەکانی مرۆڤ ئەلیزابێس دیکری وارنەر لە سەرەتادا مافی قسەکردنی وەرگرت و وتی، "زیاتر باس لەو شتانە دەکرێت کە ماندێلا بەسەری هاتووە. زۆر بە کەمی دەبیستین کە باس لە عەبدوڵا ئۆجالان بکرێت، ئەمە راستیەکە".

ئێلیزابێس دیکری وارنەر ئەوەی خستەڕوو کە رژێمی لاواز و تۆتالیتەر لە تورکیا رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی کردووەتە ئامانج و باسی لەوەکرد، کە بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان هەمووان دەتوانن شتێک بکەن و کارێکیان لە دەست بەردێت. ئێلیزابێس دیکری وارنەر دەستنیشانی کرد، کە نابێت بە هۆی دۆخی ئیمراڵییەوە تەنیا گوشار بخرێتە سەر حکومەت تورکیا و وتی، "دەبێت گوشار بخرێتە سەر حکومەتەکانی ئەوروپا، کە لە بواری ئابووریدا درێژە بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا دەدەن".

ئەندامی پێشووی سی پی تی رێستیلینی: لە سەدا ٨٠ی زیندانیانی سیاسی قوربانی توندوتیژین

ئەندامی پێشووی سی پی تی پرۆفیسۆر و پسپۆڕی پزیشکی داد و مافناس ژان پێر ریستیلینی ئەو سەردانانەی بە بیرهێنایەوە کە بۆ زیندانەکانی تورکیا ئەنجامیانداون و باسی لەوەکرد کە بۆچی زیندانەکان دروست کراون و بۆ زیندانیانی سیاسی بە چ واتایەکە. رێستیلینی وتی، لە نزیکەوە رۆژووی مردن و مانگرتن لە خواردنی لە زیندانەکانی تورکیا بینیوە و باسی لەوەکرد: کە هەڵوێستی حکومەتی ئەو کات بەرامبەر بە زیندانیان زۆر توند بووە. رێستیلینی هێمای بۆ ئەوەشکرد کە لە سەرتاسەری جیهان زیاتر لە سەدا ٨٠ی زیندانیانی سیاسی قوربانی توندوتیژی دەسەڵاتن و وتی، کە لە زیندانەکانی تورکیاش بەو جۆرەیە. هەروەک ئاماژەی بەوەشکرد، کە زیندانیانی سیاسی لە زیندانەکاندا بە گشتیی رووبەڕووی جیاکاری دەبنەوە.

جان فێرمۆن: زیندانیانی سیاسی کورد، دیلی شەڕن

یەک لە پارێزەرانی سەندیکای پارێزەرانی بروکسێل جان فێرمۆن وتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا ئەوەی خستەڕوو، کە لە بنەڕەتدا دروستکردنی زیندانەکان پاراستنی یاسا هەنوکەییەکانە و ئاماژەی بە دۆخی زیندانیانی سیاسی لە جیهان کرد. پارێزەر جان فێرمۆن باسی لەوەکرد کە زۆرینەی زیندانیانی سیاسی قوربانیانی توندوتیژی دەوڵەتن.

فێرمۆن ئەوەی خستەڕوو کە بە پێناسەی گشتیی زیندانیانی سیاسی بەهۆی ئەوەی جیاواز لە دەسەڵات بیردەکەنەوە و لە دژی ئەوان تێدەکۆشن، پێناسە دەکرێن.

جان فێرمۆن ئەوەشی خستەڕوو کە زیندانیانی سیاسی وێڕای هەلومەرجی دژواریش لە زیندانەکان رێکخستنی خۆیان درێژە پێدەدەن و وتی، باشترین نمونەی ئەوە لە زیندانەکانی تورکیا دەبینین. سەرباری هەلومەرجی سەخی زیندانی جۆری ئێفیش، زیندانیانی سیاسی خۆیان رێکخستووە".

پاڕێزەر فێرمۆن بەتایبەتی سەرنجی بۆ سەر دۆخی زیندانیانی سیاسی کورد راکێشا و وتی، کە هەرچەندە تورکیا ئەو مرۆڤانە لە چوارچێوەی یاساکانی تیرۆر دادگایی دەکات، لە راستیدا زۆرینەی ئەو زیندانیە سیاسیانە، دیلی شەڕن.

کۆنفڕانسەکە بە پێشکەشکردنی وتار بەردەوامە..

هـ . ب