لە کۆڕبەندی کۆمەڵایەتی جیهانیدا پەیامی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان"درا

لە کۆڕبەندی کۆمەڵایەتی جیهانیدا کە لە کاتماندۆی پایتەختی نیپاڵ بەڕێوەچوو، داوای ئازادی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرا.

بەشی ئاسیای کۆڕبەندی کۆمەڵایەتی جیهانی ئەمساڵ لە نێوان ١٥-١٩ی شوبات لە پایتەختی نیپاڵ بەڕێوەچوو.

لە کۆربەندەکەدا بابەتەکانی ئابووری، نایەکسانی، کێشەکانی کەشوهەوا، مافی کرێکاران، کۆچبەری، جیاکاری چینایەتی، نایەکسانی رەگەزی، ئاشتی و گەشەپێدانی بەردەوام تاوتوێ کران.

لەو کۆڕبەندەدا کە لە کاتماندۆی پایتەخت بەڕێوەچوو، نزیکەی ٤٠ هەزار کەس لە هەزار و ١٨٨ رێکخراوی جیاجیای ٩١ وڵاتەوە، کە زۆرینەیان لە ئاسیان بەشداربوون.

لەدووەم رۆژی کۆڕبەندەکەدا چەندین بەرنامە و دانیشتنی جیاجیا ئەنجامدران و گفتوگۆ لە سەر چەند بابەتێک کرا.

لە پرسی 'دیموکراسی رادیکاڵ' چەندین رێکخراوی ئاسیایی و هەروەها بە نوێنەرایەتی ئەکادیمیای مۆدێرنیتەی دیموکراتیک، ژنۆلۆژی و کۆنگرەی ستار چەندین نوێنەر ئامادەبوون و گفتوگۆی چڕ لەوبارەوە کرا.

خستنەڕووی بابەتەکان بۆ ناساندنی ئەندێشە و فەلسەفەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پێشوازییەکی زۆری لێکرا.

هەروەها ژمارەیەکی زۆر بروشەر و بڵاوکراوە و نامیلکە لەسەر ئەو بابەتە دابەش کران.

لە بەرنامەکاندا بەشداربووانی بڵاوکراوەیەکیان بە زمانی ئینگلیزی لەبارەی ئازادیی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە خوێندەوە.

هـ . ب