لە لەندەن مەراسیمێک بۆ یادکردنەوەی فەرماندە ئاخین مووش بەڕێوەچوو

ئاخین مووش (هولیا دەمیرەر) ساڵی ١٩٩٥ لە بەریتانیا پەیوەست بوو بە بزوتنەوەی ئازادی کورد و تا ئەو کاتەی وەک فەرماندەی ئەیالەتی ئامەد شەهیدبوو، بەردەوامبوو لە تێکۆشان. لە شاری لەندەن بە بەشداری سەدان کەس مەراسیمێکی یادکردنەوە بۆ ئەو شەهیدە سازکرا.

بۆ یادکردنەوەی فەرماندەی ئەیالەتی ئامەد ئاخین مووش (هولیا دەمیرەر) کە لە ١٧ی ئەیلولدا لە هێرسی ئاسمانی دەوڵەتی تورکدا شەهیدببوو، لە ناوەندی کۆمەڵەی کوردی لە لەندەن مەراسیمێک سازکرا. بنەماڵەی و هاورێیان و بەسەدان کەس بەشدارییان لە مەراسیمەکەدا کرد.

لە سەر مێزێک وێنەکانی شەهید ئاخین، هاڤین کاراکۆچ، چەتین تەمەل (دەمهات)، جیهاد ئای دانرابوو و سەر مێزەکە بە گوڵ و مۆمەوە رازێنرابووەوە و پۆستەرەکانی عەبدوڵا ئۆجالان و ئاڵاکانی پەکەکە و پاژک لە هۆڵەکەدا هەڵواسرابوون.

مەراسیمەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزلێنان لە شەهیدانی شۆڕش دەستیپێکرد. دواتر بەڵگە فیلمێک لەسەر ژیانی ئاخین موش نمایش کرا. لەکاتی نمایشکردنی بەڵگە فیلمەکەدا چەندین جار دروشمەکانی "شەهید نامرن" وترانەوە.

'ژنێک وەک فریشتەبوو'

لە یادەکەدا پەیامی بزوتنەویە ژنانی کورد خوێندرایەوە. هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی کورد تورکان بوداک پەیامەکەی خوێندەوە. لە پەیامەکەدا هاتبوو: "هەڤاڵ ئاخین کە بەهایەکی خەڵکی سەرحەدی خۆڕاگر بوو، بە هۆی ئێش و ئازاری دابڕان لە زمان، ناسنامە و کولتوری خۆی و هەوڵەکانی بۆ گەڕان بە دوای جەوهەری خۆیدا، هەر زوو بزوتنەوەی ئازادی ناسی. مرۆڤ کاتێک لە دوورەوە لە هاوڕێ ئاخینی دەڕوانی بە هەڵوێستی مرۆڤانەی ئەو سەرسام دەبوو، ئەمە جیالەوەی مرۆڤێکی بەهەڵوێست بوو. زریان لە ناخیدا هەڵیدەکرد، گڕکان دەتەقی بەڵام زوو کەس هەستی بەوە نەدەکرد. ئەو گڕکانە دوای بەدیلگیرانی رێبەرایەتی تەقا و هێندە بێئۆقرەو نەسرەوتووبوو کە هیچ شوێنێک نەیدەتوانی رایبگرێت.

بوداک ئەوەشی خستەڕوو کە ئاخین بۆ سەندنەوەی تۆڵەی پیلانگێڕی کە بەرامبەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجامدرا تێکۆشا بۆ ئەویە جارێکیتر گەل بە هەمان ئازاردا تێپەڕ نەبێت. بوداک رایگەیاند، کە ئاخین مووش زۆر بە ئیرادەبوو و وتی، "ئەگەر فریشتەکان ببوونایە بە مرۆڤ وەک هاوڕێ ئاخین دەبوون".

دواتر هاوڕێ و هاوسەنگەران و کەسوکانی شەهید ئاخین مووش وتەیان پێشکەش کرد و مەراسیمەکە بە وتنەوەی دروشمەکانی "شەهید نامرن" و "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتاییهات.