لە لێوارەکانی یونان پەنابەرێک خنکا و یەکێکی تریش بێسەروشوێنە

لە لێوارەکانی دوورگەى لیبۆس لە یونان کەشتییەکی پەنابەران نقوم بوو و بەو هۆیەوە، ژنێکی پەنابەری سۆماڵی خنکا و پەنابەرێکی ئەفغانیش بێسەروشوێن بووە.

بەپێی راگەیاندراوی یەکەی ئاسایشی لێوارەکانی یونان، کەشتییەکی هەڵگری زیاتر لە ٢٠ کۆچبەر و پەنابەر لە لێوارەکانی دورگەى لیبۆس دا نقوم بووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، هێزەکانی ئاسایشی لێوارەکان ٢٤ کەسیان رزگارکردووە و تەرمی ژنێکی سۆماڵییان لە ئاوەکەدا دەرهێناوە و کەسێکیش، کە دەوترێت هاووڵاتیی ئەفغانستانە بێسەروشوێنە.

دوورگەى لیبۆس و ژمارەیەکی تر لە دوورگەکانی یونان لە نزیک سنوورەکانی تورکیا بوونەتە شوێنی پەڕینەوەی پەنابەران بۆ ئەوروپا. بەهۆی هاندان و رێکخستنی بەرپرسانی دەوڵەتی تورکەوە، شەپۆلی پەنابەران لەم زستاندا بەرەو ئەوروپا زیادیکردووە.

سەرباری ئەوەى رێگاکەى نێوان تورکیا و یونان رێگایەکی دوور و درێژ نییە، بەڵام بەهۆی ئەوەى قاچاخچییەکانی سەر بە دەوڵەتی تورک ژمارەیەکی زۆر لە کۆچیەران لەم سەرمایەیى زستاندا دەخەنە ناو کەشتی و یەختەکان، ئەو پەنابەرانە تووشی ئەو کارەساتانە دەبن.

لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمەوە تاوەکو ئێستا ٢ پەنابەر لەو ئاوانەدا بێسەروشوێن بوون و لە مانگی تشرینی دووەمیشدا لە نزیک دوورگەى سامۆر تەرمی منداڵێکی تەمەن ٦ ساڵ دۆزرابووە.

ژ.ت