لە نیودێلهی چالاکی بۆ ئازادی رێبەری گەلی کورد ئەنجامدرا

لە نیودێلهی پایتەختی هیندستان لەپێناو ئازادی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان چالاکییەک ئەنجامدرا.

پەرلەمانتار ئەنێل هیگدە و دۆستانی گەلی کورد لە گۆڕەپانی جانتار مانتار کۆبوونەوە و بە داواکاری ئازادکردنی ئۆجالان چالاکیەکەیان ئەنجامدا.

لە چالاکیەکەدا پلاکاردێک کە وێنەکانی ماهاتما غاندی و عەبدوڵا ئۆجالانی لەسەر بوو بەرزکرانەوە و داواکرا دەستبەجێ رێبەری گەلی کورد ئازاد بکرێت.

هاوکات لەگەڵ ٢٥ەمینی ساڵەی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی دژی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، کە لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ لە کینیا رفێندرا و رادەستی دەوڵەتی تورک کرایەوە، لە سەرتاسەری کوردستان و جیهان چالاکی جیاجیا بەڕێوەدەچن.

ئەو چالاکیانە کە چەند رۆژێکە دەستیان پێکردووە، هاوکاتن لەگەڵ بەردەوامی هەڵمەتی نێونەتەوەیی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد' کە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لە ٧٤ ناوەندی جیهانی بە راگەیەندراوی هاوبەش دەستیپێکرد.

هەر لە ساڵیادی پیلانگێڕییەکە و بۆ شەرمەزارکردنی گۆشەگیری توند لەسەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، بڕیارە رۆژی شەممە لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا رێپێوانی گەورە بەڕێوەبچێت و تیایدا داوای 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد' دەخرێتەڕوو.