لە پاکستان بەهۆی ڕووداوی شەمەندەفەرەوە لانی کەم ١٥ کەس مردن و ٤٥ کەس بریندار بوون
لە باشووری پاکستان شەمەندەفەرێک لە ڕێڕەوی خۆی دەرچوو، بەهۆیەوە لانی کەم ١٥ کەس مردن و ٤٥ کەس بریندار بوون.
لە باشووری پاکستان شەمەندەفەرێک لە ڕێڕەوی خۆی دەرچوو، بەهۆیەوە لانی کەم ١٥ کەس مردن و ٤٥ کەس بریندار بوون.
وەزیری هێڵی ئاسنینی پاکستانی، حەواجا سەعد ڕەفیق، بە ڕۆژنامەکانی ڕاگەیاند: "ڕووداوێکی مەترسیدار ڕوویدا".
هەروەها ڕایگەیاند، فریاگوزاری سەرەتایی گەیشتۆتە شوێنی ڕووداوەکە. بەگوێرەی هەواڵەکان، لانی کەم ١٥ کەس مردوون و ٤٥ کەس بریندار بوون.
بەگوێرەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی وڵاتەکە، ڕووداوەکە لە نزیک وێستگەی هێڵی ئاسنینی سەحارا لە شاری ناڤاب شا لە ویلایەتی سیندێ ڕوویداوە.
شەمەندەفەری هەزارە ئێکسپرێس لە کاراچی بەرەو ئابوت ئاباد دەچوو. لەم بارەیەوە، بەرپرسێکی هێڵە ئاسنینەکان بە کەناڵی HUM News TV ڕاگەیاند، ٨ ڤاگۆن لە ڕێڕەوەکە دەرچوون.
ڕووداوی شەمەندەفەرەکان بەردەوام لە پاکستان ڕوودەدەن، هەزاران کیلۆمەتر هێڵی ئاسنین و شەمەندەفەرەکانی لە سەردەمی داگیرکاری ئیمپراتۆرییەتی بەریتانییەوە بۆ ماوەتەوە.
لە حوزەیرانی ٢٠٢١، لە باشوری وڵاتەکە، دوو شەمەندەفەر بەیەکیاندا کێشا، بەهۆیەوە لانی کەم ٦٥ کەس مردن و ١٥٠ کەس بریندار بوون.
هەروەها لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، تێزگام ئێکسپرێس سوتا، بەهۆیەوە لانی کەم ٧٥ کەس بە زیندوویی سوتان.
لە ساڵی ٢٠٠٥ لە گۆتکی دوو شەمەندەفەر بەیەکیاندا کێشا، بەهۆیەوە زیاتر لە ١٠٠ کەس مردن.