لە شێفیڵد مەراسیمی یادکردنەوەی شەهید هێلین قەرەچوخ بەڕێوەچوو

بە دەستپێشخەری گروپی هاوپشتی کورد (کوردیش سۆلیدارێتی گروپ) لە زانکۆی شێفیڵدی بەریتا مەراسیمی شەشەمین ساڵیادی شەهیدبوونی ئانا کامبڵ ناسراو بە هێلین قەرەچوخ بەڕێوەچوو.

رۆژی هەینی ١٥ی ئادار بە دەستپێشخەری کوردیش سۆلیدارێتی گروپ لە زانکۆی شێفێلد شەشەم ساڵیادی شەهیدبوونی ئانا کامبڵ ناسراو بە هێلین قەرەچوخ بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە دۆستانی ئینترناسیۆناڵیستی کورد بەڕێوەچوو.

لەمەراسیمەکەدا چالاکوانێک بە ناوی رۆنی کورتەیەک لە سەر ژیانی هێلین قەرەچوخی بۆ ئامادەبووان خوێندەوە و تیایدا باسی لە ژیان و خەباتی ئەو جەنگاوەرە ئینترناسیۆناڵیستە کرد.

پاشان بەڵگەفیلمێک لەسەر ژیان و کەسایەتی هێلین قەرەچوخ نمایش کرا.

لای خۆیەوە چالاکوان زاگرۆس هۆرام لەبارەی دۆخی ئێستای رۆژئاوا، گرنگی تێکۆشانی دۆستانی ئینترناسیۆناڵیست لەپێناو رۆژئاوا و ئازادی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان وتەیەکی پێشکەش کرد.

ئانا کامبێل لەدایکبووی ١٩٩٢ بوو کە وەک دۆستێکی ئینترناسیۆناڵیستی کورد بەمەبەستی پشتیوانی لە شۆڕشی رۆژئاوا لە ریزەکانی یەپەژەدا جێی گرت و لە ١٥ی ئاداری ٢٠١٨ لە کاتی داگیرکردنی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورک لە ئەنجامی بۆردومانێکدا شەهیدبوو.

مەراسیمی یادکردنەوەی شەهید هێلین قەرەچوخ بە دروشمەکانی 'شەهید نامرن'، 'بژی سەرۆک ئاپۆ' و 'ژیان، ژیان، ئازادی' کۆتاییهات.

هـ . ب