لە ڤییەنا مەراسیمی جەمای خزر بەڕێوەچوو: دەبێت هەمووان ببنە خزر

لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا عەلەویەکان رۆژووی سێ رۆژەی خزریان گرت، بە مەراسیمی جەما کە لە لایەن فەداوە رێکخرابوو، کۆتاییان بە رۆژووەکەیان هێنا. پیر حسێن رایگەیاند: "دەبێت لە دژی ستەم هەمووان ببنە خزر هەمووان".

مانگی خزر لە نیوەی مانگی کانونی دووەمەوە دەستپێدەکات و تا نیوەی مانگی شوبات بەردەوامە. لەو ماوەدا عەلەویەکان رۆژووی خزر بۆ ماوەی ٣ رۆژ و بە گشتی لە هەفتەی دووەمی مانگی شوباتدا پیرۆز دەکەن. بەم بۆنەوە لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا عەلەویەکان لە شەودا کۆبوونەوە و مەراسیمی جەمیان سازکرد.

مەراسیمەکە لەلایەن فیدراسیۆنی دیموکراتیکی عەلەویەکان (فەدا) لە ڤییەنا سازکرا. ژمارەیەکی زۆر لە عەلەویەکان بەشدارییان لە مەراسیمەکەدا کرد، کە لەلایەن پیر حسێنەوە بەڕێوەچوو.

پیر حسێن دوای وەرگرتنی رەزامەندی هەمووان دەستی بە مەراسیمی جەم کرد و لە قسەکانیدا وتی، " خزر وێنا و نمونەی لایەنگری لە ستەملێکراوانە، یارمەتی هەموو ئەوانەی دەدا کە دەکەوتنە تەنگوچەڵەمەوە. ئەوەندە خزر لە ناختدا هەست بکەیت، ئەو هاوکاریت دەکات. خزر نەک هەر کەسێکی ریش سپییە، هێزی ناختە و هەستە. خزر هەموو کەسە، خزر تۆیت. ئێمە هەموومان ستەمی حکومەت دەزانین. هەوڵ دەدرێت کە ئایین، بڕوا، کولتور، هەبوون و جەوهەرمان لەناوببرێت. دەبیت هەموان ببنە خزری هەموو کەس".

دوای نزا و پەرستش مەراسیمی جەم کۆتایی هات.

هـ . ب