لە ئاخیمی ئەڵمانیا چوارشەممەی سەری نیسان پیرۆز کرا

لە شاری ئاخیمی ئەڵمانیا چوارشەممەی سەری نیسان پیرۆزکرا. هاوسەرۆکی فەد-دەم سەباحەت ئەرگین لە مەراسیمەکەدا وتی، "تا گەل خاوەنداری لە خۆی، کوردایەتی خۆی، بزوتنەوەی خۆی و شەنگال بکات، کەس ناتوانێت ئەم گەلە و کولتورەکەی لەناو ببات".

ماڵی ئێزدییان لە ئاخیم-ڤێردێن لە شاری ئاخیمی ئەڵمانیا بەبۆنەی چوارشەممە سەری نیسانەوە مەراسیمێکی پیرۆزبایی سازکرد. لە برێمێن، ئاخیم، ڤێردێن و شارەکانی دەوروبەرەوە ژمارەیەکی بەرچاو ئێزدی بەشدارییان لە پیرۆزباییەکە کرد.

دوای خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزلێنان لە یادی شەهیدان، شێخ خودێدا نزای کرد و پاشان هاوسەرۆکی فەد- دەم سەباحەت ئەرگین قسەی کرد.

سەباحەت ئەرگین وێڕای پیرۆزبایی ئەو جەژنە وتی، ئەم ئایینە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بناغەیەکی زۆر پیرۆزی داناوە، ئەگەر لە دوورە وڵاتیەوە، کولتوری خۆتان دەپارێزن، منداڵانی خۆتان بەو کولتورەوە پەروەردە دەکەن و جەژنەکەتان پیرۆز دەکەن، ئەوەش دەرخەری ئەوەیە کە داگیرکەران و هەندێک کەسی تر نەیانتوانیوە ئەو کولتورە پیرۆزە لەناو ببەن.

 

باسی لەوەشکرد، "ئەم ئایین و باوەڕیە پیرۆزە لەناو نابرێت، تا ئەو کاتە ئەم گەلە خاوەنداری لە خۆیان، لە کوردایەتی خۆیان، لە بزوتنەوەی خۆیان و خاکی پیرۆزی شەنگال بکەن، کەس ناتوانێت ئەم گەلە، کولتورەکەی و جەژنەکانی لەناو ببات".

دواتریش پەیامی ئەنجومەنەکانی ژنانی ئێزدی و کەنەکە خوێندرایەوە و بە گۆرانیەکانی هۆزان فەرهاد و گروپی هەبوونی منداڵان و گەنجان مەراسیمەکە کۆتایی هات.

هـ . ب