لە ئەڵمانیا مەراسیمی پرسە بۆ گەریلا ئارگەش کۆچەر دانرا

لە شاری میونخی ئەڵمانیا، مەراسیمێکی پرسە و سەرەخۆشی بۆ گەریلا ئارگەش کۆچەر ساز کرا و ڕاگەیەندا، "پێویستە گەنجانی کورد لە پێناو ئازادیدا لە هەموو گۆڕەپانەکان، تێکۆشان گەشتر بکەن".

لە شاری میونخی ئەڵمانیا، پرسەیەک بۆ گەریلا ئارگەش کۆچەر (ئەحمەد تانەر) بەڕێوەچوو، کە ڕۆژی ١٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، کاتێک لە بۆتان لەسەر ئەرکەکەی بوو و ویستبووی لە ڕووباری دیجلە بپەڕێتەوە، ئاوەکە بردبووی و شەهید بوو.

بە پێشەنگایەتی بزوتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕ (تەجەشە) و ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان و بێسەروشوێنکراوان (کۆماو)، مەراسیمێکی پرسە و سەرەخۆشی بۆ گەریلا ئارگەش کۆچەر بەڕێوەچوو و تێیدا کەسوکاری شەهیدان و بەشێکی زۆر لە کوردستانیان بەشدار بوون.

لە پرسەکەدا گۆشەیەک بە وێنەکانی شەهید ڕازێنرایەوە و مۆم داگیرسێنرا.

دوای خولەکێک ڕێزگرتن، لەسەر ناوی کۆماو وتارێک پێشکەش کرا و سەرەخۆشی ئاراستەی خانەوادەی شەهید کرا. پاشان، بەڵگەفیلمێک لە وێنە و دیمەنەکانی شەهید نمایشکرا.

لای خۆیەوە مەعروف کول، هاوسەرۆکی فەد-گەل، ڕایگەیاند، بزوتنەوەی ئازادیی کورد، پارتێکی شەهیدانە و جارێکی دیکە یادی شەهیدانمان دەکەینەوە و بەڵێنیان پێدەدەین درێژە بە میراتی تێکۆشانیان بدەین".

خوشکی ئارگەش کۆچەریش وتی: "شانازی بە برا شەهیدەکەمانەوە دەکەین، سەرمان بەرزە، هەرچەندە خەمگینین، بەڵام شانازی بە شەهیدەکەمانەوە دەکەین، سەرەخۆشی ئاراستەی گەلی کوردستان دەکەین".

هاوکات نوێنەری دەستپێشخەریی گەنجانیش وتی، "پێویستە ئێمەی گەلی کورد و بەتایبەت گەنجانی کورد بۆ هەموو جۆرە تێکۆشان لە پێناو ئازادی ئامادە بین و تێکۆشان لە هەموو گۆڕەپانەکان گەشتر بکەین".

لە مەراسیمەکەدا دروشمی "شەهید نامرن" وترایەوە.

ژ.ن