'لە زیندانەکانی ئەڵمانیا زمانی کوردی قەدەغەیە'

سیاسەتمەداری کورد محەمەد چاکاس کە لە زیندانی هانۆڤەر راگیراوە، ئەوەی خستەڕوو کە بە کردەوە زمانی کوردی لە زیندانەکانی ئەڵمانیا قەدەغەیە.

سیاسەتمەداری کورد محەمەد چاکاس کە دوای ئەوەی داواکارییەکەی بۆ پەنابەری لەلایەن ئەڵمانیاوە رەتکرایەوە، داوای پەنابەری سیاسی پێشکەش بە ئەڵمانیا کردبوو، لەسەر داوای دەوڵەتی ئەڵمانیا لە ئاداری ٢٠٢٣دا لە ئیتالیاوە رادەستی ئەڵمانیا کرابووەوە و راپێچی زیندان کرابوو. دادگاییکردنی چاکاس لە چوارچێوەی یاسای ١٢٩ب دا بەردەوامە.

سیاسەتمەداری کورد مەحمود چاکاس سەرنجی بۆ سەر ئەوە راکێشا کە ساڵێکە بەهۆی چالاکی سیاسیەوە لە زیندان راگیراوە و وتی، "لە هەر شوێنێک کە کوردێک خاوەنداری لە ناسنامە، زمان، شکۆ و بەها نەتەوەییەکانی بکات، وەک تیرۆریست' رادەگەیەندرێت".

چاکاس کە قسەی بۆ رۆژنامەی یەنی ئوزگور پۆلیتیکا کردووە، ئەوەی خستووەتەڕوو کە ئەو شەش ساڵ لە ئەڵمانیا ژیاوە و وتی، "وەک مرۆڤێکی کورد ٤٠ ساڵە رووبەڕووی هەموو جۆرە تیرۆرێکی دەوڵەت بووەتەوە، لە ناو دەوڵەتێک کە گوایە یاسا و دیموکراسی دەپارێزێت، بە بێ ئەوەی یاسای ئەوانم پێشێلکردبێت، وەک تیرۆریست تۆمەتبار دەکرێم. ئەوەش دانپێدانانە لە هاوبەشیکردنیان لە تاوانەکانی دەوڵەتی تورک، کە دەوڵەتی تورک لە ژێر چەواشەکاری 'تێکۆشان لە دژی تیرۆر' تاوانی جینۆساید دەشارێتەوە.

چاکاس هێمای بۆ ئەوەشکردووە، کە لە مانگێکدا ٤ کاتژمێر مافی دیدار لەگەڵ بنەماڵەکەی هەیە و وتی، لە دیدارانەدا قەدەغەیە کە زمانی کوردی بەکاربهێنن. چاکاس جەختیشی کردەوە، "دیدارەکان لە ژێر چاودێری پۆلیس و وەرگێڕدا ئەنجام دەدرێن. سەرباری ئەوەی زۆرینەی وەرگێڕەکان کوردیش دەزانن، جگە لە ئەڵمانی و تورکی رێگە نادرێت بە زمانێکی دیکە قسە بکرێت. بە کورتی زمانی کورد بە کردەوە قەدەغەیە".

ئەو کوردانەی خاوەنداری لە زمان و ناسنامەی خۆیان دەکەن وەک 'تیرۆریست' رادەگەیەندرێن

ئەو سیاسەتمەدارە کوردە ئەوەشی راگەیاند، کە بەلایەوە گرنگ نییە چ سزایەک دەدرێت لە تەواوی پرۆسەی دادگاییکردنەکەدا سەرنجی بۆ سەر ئەو تیرۆری دەوڵەتی تورک راکێشاوە کە بەسەر گەلی کورددا جێبەجێ دەکرێت. چاکاس وتی، " بابەتێک کە لە دادگاییەکەدا زیاتر راوەستەم لەسەر کرد چەمکی 'تیرۆر' بوو کە بەسەر ئێمەی کوردان دەسەپێندرێت. وەک لە دادگاس وتم، وەک مرۆڤێکی کورد کە شەش ساڵە لە ئەڵمانیا دەژیم، من خۆڵ و خاشاکێکی بچوکیش فڕێنەداوەتە سەر زەوی. بە پاساوی بێبنەما من وەک 'تیرۆریست' تۆمەتبار دەکەن. ئەوەش لە کەسایەتی مندا هەڵوێستی ئەوان لە دژی گەلی کورد دەردەخات. بەهۆی بەرژەوەندیی و هاوکارییە ئابوری و سیاسیەکانیان لە چاوی ئەواندا هەموو کوردێک 'تیرۆریست'ە. بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەوان هەموو کوردەکان وەک تیرۆریست پێناسە ناکەن، بەڵام لە کوێ کوردێک خاوەنداری لە ناسنامە، زمان، شکۆمەندی و بەهاکانی بکات و لە دژی هێرشی پاکتاوکاری تێبکۆشێت ئەوان وەک 'تیرۆریست' رادەگەینن. کاتێک دۆخەکە بەو جۆرە بێت، بۆ کەسایەتی من بڵێن 'تیرۆریست' یان نەڵێن، هیچ بەهایەکی بەلامەوە نییە. ئێمە وەک کورد گەورەترین قوربانی ئەم سەد ساڵەین. لە بری لێپێچینەوە ئێمە هەوڵ دەدەین بیسەلمێنین کە 'تیرۆریست' نین".

هـ . ب