لایەنە ناکۆکەکانی سودان رێککەوتنی سەرەتاییان واژۆکرد
سوپای سودان و هێزی پشتیوانی خێرا لە شاری جدەی سعودییە و بە سەر پەرشتی ئەو وڵاتە و ئەمریکا رێککەوتنی سەرەتایی نێوانیان واژۆکرد.
سوپای سودان و هێزی پشتیوانی خێرا لە شاری جدەی سعودییە و بە سەر پەرشتی ئەو وڵاتە و ئەمریکا رێککەوتنی سەرەتایی نێوانیان واژۆکرد.
میدیاکانی سودان بڵاویانکردەوە، هەریەک لە سوپا و هێزی پشتیوانی خێرا پابەندبوونی خۆیان بۆ کارئاسانی کردن بە ئامانجی گەیاندنی پێداویستییە مرۆییەکان و پڕکردنەوەی پێداویستی هاوڵاتییانی سیڤیڵ دەربڕیوە.
میدیا سودانییەکان ئاماژەیان بەوەشداوە، هەردوولا جەختییان کردووەتەوە لەسەر پابەندبوونیان بە گەرەنتی کردنی پاراستی هاوڵاتییانی سیڤیل و دابینکردنی رێگەی پارێزراو بۆ دەرچوونیان لەو ناوچانەی ناکۆکییان تێدایە.
لە گرنگترین خاڵەکانی رێککەوتنی نێوان سوپا و هێزی پشتیوانی خێرا بریتییە لە:-
یەکەم/ کارئاسانی کردن و دابینکردنی رێڕەوی پارێزراو بۆ ئەو کەسانەی سەرقاڵی کاری مرۆیین.
دووەم/ پابەندبوون بە سەروەری سودان و پاراستنی یەکپارچەیی خاکەکەیی و ئاسایشی وڵات.
سێ-یەم/ بەرژەوەندی و پاراستنی گەلی سودان ئەرکی لە پێشینە و سەرەکییانە.
چوارەم/ پاراستنی سەرجەم دامودەزگا گشتی و دامەزراوە تایبەتەکان لە سودان و رێگریکردن لەبەکارهێنیان بەمەبەستی سەربازی.
پێنجەم/ پشتبەستن بە گرتنەبەری سەرجەم رێکارەکان و ئاسانکاری بۆ رێکخستنی هەموو ئەو پرۆسانەی پەیوەستن بە کاری مرۆیی و فریاگوزارییەوە لە سودان.
شەشەم/ پابەند بوون بە میدیاوە بەشێوەیەک کاریگەری نەرێنی نەکاتە سەر دۆخی یاسایی و ئاسایش و سیاسیی ئەو لایەنانەی رێککەوتنەکەیان واژۆکردووە.
جێگای باسە ئەمە لەکاتێکدایە، ماوەی چەند رۆژێکە شاندی باڵای سوپای سودان و هێزی پشتیوانی خێرا بە سەرپەرشتی ئەمریکا و سعودییە لە شاری جدەی ئەو وڵاتە سەرقاڵی کۆبوونەوەکانیانن بە ئامانجی کۆتاییهێنان بەو ناکۆکییانەی ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە لە نێوانیاندا سەری هەڵداوە و کردنەوەی رێڕەوی مرۆییە بۆ گەیاندنی پێداویستی و یارمەتییەکان بە هاوڵاتییانی سیڤیل و درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەستی نێوان لایەنە ناکۆکەکانە لە سودان.
هـ . ب