مۆسکۆ لە پلانیدایە دان بە رژێمی تالیباندا بنێت

روسیا پلانی هەیە تالیبان لە لیستی 'رێکخراوە تیرۆریستیەکان' دەربهێنێت و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی رێگە بۆ بەفەرمی ناسینی حکومەتی نوێی کابۆل خۆش بکات.

 بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی تاس نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی روسیا زامیر کابولۆڤ ٢٧ی ئایار لە لێدوانێکدا ئاشکرای کردبوو کە مۆسکۆ دەیەوێت تالیبان لە لیستی تیرۆر دەربهێنێت.

کابولۆڤ باسی لەوەکردبوو کە وەزارەتی دەرەوە و داد پێکەوە داواکارییەکی بەو جۆرەیان پێشکەس بە سەرۆککۆمار ڤلادیمیر پوتین کردووە و رایگەیاند، پرۆسەکە گەیشتووەتە کۆتا قۆناغ.

وەزیری دەرەوەی روسیا سێرگی لاڤرۆفیش رایگەیاند کە تالیبان لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە وەک 'تیرۆریست' پێناسەدەکرا، ئێستا نوێنەرایەتی راستەقینەی هێزە لە ئەفغانستان. لاڤرۆف وتی، روسیاش بەرامبەر بەو دۆخە بێهەڵوێست نابێت.

سەرباری ئەوەی هەندێک وڵات بەتایبەتی چین پەیوەندی باشیان لەگەڵ تالیبان هەیە، بەڵام تائێستاش تالیبان لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی بە شێوەیەکی فەرمی دانیپێدانەنراوە.

بڕیارەکەی رووسیا بۆ دەرهێنانی ناوی تالیبان لە لیستی تیرۆروەک هەنگاوێکی سەرەتایی بۆ دانپێدانان بە رژێمی کابۆل دادەنرێت. ئەو پێشهاتەش وەک ئاماژەیەکی سەردەمی نوێ دەبینرێت بۆ شکڵگرتنی دینامیکە سیاسیەکان لە ئەفغانستان.

هـ . ب