مووشەکێکی بالیستیک لە کۆریای باکوور تاقیکرایەوە

سوپای کۆریای باشوور ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە کۆریای باکوور مووشەکێکی بالیستیکی هەڵداوە.

لە بەیاننامەکەی فەرماندەیی کۆریای باشووردا باس لەو هەرێمەی بە دەرەیای ژاپۆن ناسراوە کرد و ڕایگەیاند،"کۆریای باکوور مووشەکێکی بالیستیک کە ئاماژەی بە ناوەکەی نەکردووە، ئاراستەی دەریای ڕۆژهەڵات کردووە".

پاسەوانی کەناراوەکانی ژاپۆن، بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەر بنەمای وەزارەتی بەرگری وڵات خراونەتەڕوو، ڕایگەیاندووە کە 'شتێک لە کۆریای باکوورەوە تەقێنراوە پێدەچێت مووشەکی بالیستیک بێت' ئاگاداری داوەتە کەشتییەکان.

کۆریای باکوور لەم دواییانەدا پێشکەوتووترین مووشەکی هواسۆنگ-١٨بە تیپی، ئای سی بی ئێمی، لە ١٨ی کانوونی یەکەمدا ئاراستەی دەریای ژاپۆن کردووە.

لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەم، کۆریای باکوور لە کەنارئاوەکانی ڕۆژئاوا لە نزیک دوورگەکانی کۆریای باشوور ڕاهێنانی تۆپخانەیی بە بەکارهێنانی تەقەمەنی ئەنجامداوە.

کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکور ڕۆژی چوارشەممە کۆریای باشووری بە 'دوژمنی سەرەکی' ئەو وڵاتە وەسف کرد.

بەگوێرەی شرۆڤەکاران ئەم تێبینییە نیشانەی گۆڕانکارییە لە سیاسەتی کۆریای باکوور و ئاماژە بەوە دەکەن کە پیۆنگ یانگ لە داهاتوودا هەڵوێستێکی شەڕخوازانە نیشان دەدات.

ساڵی ڕابردوو کۆریای باکوور پێگەی هێزی ئەتۆمی لە دەستووری وڵاتەکەیدا جێگیر کرد و بە پێشێلکردنی بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، چەندین مووشەکی بالیستیکی تاقی کردەوە.