بە دیمەن

ڕەمزی کارتاڵ: بیرۆکەکانی عەبدوڵا ئۆجالان قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر دەکات

هاوسەرۆکی کۆنگرەی گەل ڕەمزی کارتاڵ ڕایگەیاند، بە بیرۆکەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر دەکرێن، کارتاڵ داوای هەڵوێستی وڵاتپارێزی کرد و وتی: "شکست و داڕمانی حکومەتی تورک بە مانای ئازادی کوردستانە."

بیست و دووەمین دانیشتنی ناوبەێنی ئەنجوومەنی گشتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە شاری دەنهاگی هۆڵەندا بە ئامادەبوونی سەدان نوێنەر بەرێوەدەچێت. ڕەمزی کارتاڵ، هاوسەرۆکی کۆنگرەی گەل لە وتارەکەیدا لە کۆبوونەوەکدا کە نوێنەری پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان تێدا قسەیان کرد، ڕایگەیاند: "کۆبوونەوەکە لە پرۆسەیەکی مێژووییدا بەڕێوەدەچێت، کە تێدا لە ناوچەکە و کوردستان ڕووداوی گرنگ لە ئارا دایە. ئەم کۆبوونەوە بۆ ڕاکێشانی سەرنجە بۆ سەر ئەم پڕۆسە مێژووییە کە لە چوار پارچەی کوردستان دەگوزەرێت. لەم پڕۆسە مێژووییەدا گەلی کورد بە ڕۆح و وزەیەکی بەرچاوەوە لە چوار بەشی کوردستان درێژە بە تێکۆشان دەدەن.

'چارەسەری بە پارادایمی عەبدوڵا ئۆجالان دێتە ئاراوە'

هەروەها کارتاڵ لە وتارەکەیدا باسی لە قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و چارەسەرەکەی لە پارادایمی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالاندا بینی و وتی: "ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان زیاتر لە ٢٥ ساڵە لە ئیمرالی زیندانی کراوە. لەماوەی ٣ ساڵی ڕابردوودا هیچ زانیارییەکمان لەسەر بارودۆخی بەڕێزیان بەدەست نەگەیشتووە. حکومەتی تورک هەموو یاسا ناوخۆییەکان و یاسا نێودەوڵەتیەکان پێشێل دەکات. بە گۆشەگیری ڕەهای سەر ڕێبەر ئاپۆ شەڕ لە دژی گەلی کورد بەردەوامە. هەر بەو هۆیەشەوە گۆشەگیری ڕەها بەسەر ڕێبەر ئاپۆدا دەسەپێنێت. دەوڵەتی تورک نەیتوانیوە لەم ڕێبازانەی ئەنجام بگرێت و بەرەو شکست دەڕوات. کۆبوونەوەکەمان لەم چوارچێوەیەدا بە وتووێژەکان درێژەی هەیە. پێویستە هەموو جیهان بزانێت گەلی کورد لەهەموو لایکەوە یەکدەنگە. تێکۆشانی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" لە هەموو جیهاندا بەڕێوەچوو. ئەم پرسە خراوەتە ڕۆژەڤی کاری ڕای گشتی جیهان بەتایبەت لەگەڵ ئەوتێکۆشانەی کە لە ماوەی ٦ مانگی ڕابردوودا ئەنجام دراوە. بەم کارە گەلی کورد داخوازی و تێکۆشانی خۆی بەرفراوان کردەوە. ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر بە پیلانگێڕیی دژ بە ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵڵا ئۆجالان ئەمساڵ لە چوار پارچەی کوردستان و جیهاندا بەربڵاو و بەهێز بەڕێوە چوووو لە هەموو شوێنێک خاوەنداری لێکرا.

'دەوڵەتی تورک لە بەرامبەر گەریلا شکستی هێنا'

کارتال لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند: "ئیرادەی سەرهەڵدانی گەلی کورد بۆ تێکۆشانی وایکردووە فاشیزمی ئاکەپە-مەپە، ڕووبەڕووی شکست بێتەوە، و لە درێژەی قسەکانیدا وتی، ئەم شەپۆلە فاشیستییە شکستێکی گەورەی هێنا، بە تایبەت لە چەمکی شەڕدا شکستی هێنا. ئەم حکومەتە بە بەکارهێنانی هەمەلایەنەی هەموو ئیمکاناتەکانی دەیویست لە شەڕدا ئەنجام بەدەست بهێنێت. بەڵام لەم شەڕەدا دژی گەل و گەریلا نەیتوانی ئەنجام بەدەست بهێنێت. ئەو بەدوای ئەوەدا بوو کە دوای هەڵبژاردنەکان ئامادەکاری بۆ شەڕێکی گەورە بکات. ئەگەر دەسەڵات و متمانەی هەبوایە، تا ئێستا ئەم شەڕەی دەستپێدەکردبوو. هەر بۆیە دەیەوێت پشتگیری کۆبکاتەوە. سەردانی عێراق و وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا دەکات و داوای پشتیوانی دەکات. ئەوەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی متمانەی بە سەرکەوتن لە شەڕدا نەماوە، دەوڵەتی تورک ناتوانێت لەدژی گەریلاکانی ئازادی سەرکەوتوو بێت."

ڕەمزی کارتاڵ هەروەها ئاماژەی بە شکستی پارتی داد و گەشەپێدان لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان کرد و وتی: "شکست و داڕمانی حکومەتی تورک بە مانای ئازادی و دیموکراسییە بۆ چوار پارچەی کوردستان. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە نەک تەنها وەک حزب، بەڵکوو وەک گەل و هەموو سیاسەتمەداران و لایەنەکان هەڵوێستی خۆمان ڕوون بکەینەوە. پێویستە هەموو بزووتنەوە و لایەنە سیاسییەکانمان هەڵوێستی نەتەوەیی نیشان بدەن."