ڕەنگە لە فەرەنسا باری لەناکاو ڕابگەیەنرێت

فەرەنسا لە ئەگەری ڕاگەیاندنی باری لەناکاو دەکۆڵێتەوە، بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی نێو وڵاتەکە.

سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا، ئەلیزابێت بۆرن، ڕایگەیاند دەسەڵات لە هەموو ئەگەرەکان دەکۆڵێتەوە بۆ گەڕاندنەوەی سیستەم بۆ فەرەنسا، لەوانەش ڕاگەیاندنی باری لەناکاو، بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی نێو وڵاتەکە.

لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەوانان سەبارەت بە پەنابردن بۆ ڕاگەیاندنی باری لەناکاو، سەرۆک وەزیران گوتی: "هەموو ئەگەرەکان لەبەرچاو دەگرین لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆککۆمار لە کاتژمێر ١:٠٠. ئێستە وەڵامتان نادەمەوە، بەڵام هەموو ئەگەرەکان بەردەستن".

چاوەڕوان دەکرێت سەرۆککۆماری فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن کۆبوونەوەیەک بکات لەگەڵ شانەی قەیرانەکان لە کاتژمێر ١٣:٠٠ لە پاریس، پاش پشێوییەکانی سێ شەوی ڕابردوو لە فەرەنسا بەهۆی کوشتنی گەنجێک بە فیشەکی پۆلیس.

لەلایەکی ترەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی داوای لە فەرەنسا کرد، کێشەکانی ڕەگەزپەرستی و جیاکاری لە ڕیزی هێزە ئەمنییەکان چارەسەر بکات، ڕافینا شەمسادانی بەناوی کۆمیسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ مافی مرۆڤ لە کۆنگرەیەکدا گوتی: "کاتی هاتووە ئەم وڵاتە بەجدت کێشەکانی ڕەگەزپەرستی و جیاکاری لە ڕیزی هێزە ئەمنیەکان چارەسەر بکات".

لای خۆیەوە، ئەڵمانیا نیگەرانی پیشاندا دەربارەی پشێوییەکانی فەرەنسا، وتەبێژی حکومەت ڕایگەیاند: "بێگومان بە نیگەرانییەوە دەڕوانینە ڕەوشی فەرەنسا". ئاماژەی بەوە کرد، هێشتا دیار نییە سەرۆک ماکرۆن سەردانەکەی بۆ ئەڵمانیا هەڵدەوەشێنێتەوە یان نا.