نەتەوە یەکگرتووەکان: لە سودان، لە هەر کاتژمێرێکدا مناڵێک دەکوژرێت یان بریندار دەکرێت
نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند لە شەڕی سوداندا کە ١٠٠ ڕۆژە بەردەوامە، لە هەر کاتژمێرێکدا مناڵێک دەکوژرێت یان بریندار دەکرێت.
نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند لە شەڕی سوداندا کە ١٠٠ ڕۆژە بەردەوامە، لە هەر کاتژمێرێکدا مناڵێک دەکوژرێت یان بریندار دەکرێت.
لە ١٥ ی نیسانەوە تا ئێستا، لەنێوان سوپای سەر بە ژەنراڵ عەبدولفەتاح بورهان و هێزەکانی پشتیوانی خێرای سەر بە ژەنراڵ محەمەد حەمدان دەگلو، شەڕی دەسەڵات دەستیپێکردووە. ئەم دوو هێزە پێشتر هاوپەیمان بوون. هەردوو لایەنی شەڕکەر، سەرەڕای قەیرانە مرۆییەکان دەڵێن "یان سەرکەوتن، یان مردن" و بەردەوام لە شەڕ.
ئاشکرا کراوە، تا ئێستە بەهۆی شەڕەوە لانی کەم ٣٩٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت ژمارە ڕاستەقینەکە لەوە زیاتر بێت.
بەگوێرەی ڕێکخراوی یونسێف سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لانی کەم ٤٣٥ مناڵ کوژراون و ٢٠٢٥ مناڵ برینداربوون.
یونسێف ڕایگەیاند: "هەموو ڕۆژێک مناڵ دەکوژرێت و بریندار دەکرێت و دەڕفێنرێت، قوتابخانە و نەخۆشخانە و ژێرخانەکان وێرانکراون".
ئەم ڕێکخراوەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کرد، ٢٥٠٠ پێشێلکاری جدی دژی مافی مناڵان ئەنجامدراوە، بەڵام لە ڕاستیدا لەوەش زیاترە و گوتی: "١٤ ملیۆن مناڵ پێویستیان بە پشتیوانی مرۆییە".
لەم شەڕەی سودان، زیاتر لە ٣،٣ ملیۆن کەس ناچاربوون ماڵەکانیان جێبهێڵن. لەنێویاندا زیاتر لە ٧٠٠ هەزار کەس وڵاتەکەیان جێهێشتووە. بە ملیۆنان مرۆڤ ڕووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە.
سەرەڕای قەیرانی مرۆیی، لایەنەکانی شەڕەکە دەست لە شەڕ و توندوتیژی هەڵناگرن.