نەتەوە یەکگرتووەکان: ئاستی توندوتیژی دژی ژنان لە تورکیا مەترسیدارە

نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، ئاستی توندوتیژی دژی ژنان لە تورکیا مەترسیدارە، بڕیاردەری تایبەت، ڕیم ئەلسالم، بانگەوازی لە تورکیا کرد بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ئیستەنبوڵ.

پەنجا و سێیەمین دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوامە، کە ١٩ ی حوزەیران لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ دەستیپێکرد.

لە دانیشتنەکاندا، بڕیاردەری سەرەکی، ڕیم ئەلسالم، ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە دەربارەی توندوتیژی دژی ژنان و کچان لە تورکیا، لە دانیشتنەکاندا باس لەم پرسە دەکرێت.

لە دە ژن، چواریان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، توندوتیژی دژی ژنان لە تورکیا بەردەوامە، لەکۆی دە ژن، چواریان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە.

ژنان بەباشی ناپارێزرێن

ڕاپۆرتەکە دووپاتی کردەوە: "بەگوێرەی سەرچاوە حکومییەکان، لەنێوان ساڵانی ٢٠١٠ بۆ ٢٠٢٠، تاوانی کوشتن لانی کەم بەرامبەر ٣١٧٥ ژن ئەنجامدراوە، ئەم ژمارەیە لە ساڵی ٢٠٢١ دا ٣٠٠ جار زیادی کردووە، ڕێژەی کوشتنی ژنان لەمە زیاترە، ژنان لە توندوتیژی ناپارێزرێن، ڕێژەی مردنی گوماناوی ژنان و کچان و هەوڵی خۆکوژی مەترسیدارە، توندوتیژی خێزانی لە تورکیا بەربڵاوە، بەگوێرەی داتاکان ١٢٪ ی هەموو ژنە هاوژیندارەکان لە تورکیا ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، هەروەها ٥٪ لە ساڵی ٢٠١٤ ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە".

توندوتیژی دژی ژنان لە سیاسەتدا

ڕاپۆرتەکە باس لە توندوتیژی دژی ژنان دەکات لە سیاسەتدا، ئاماژە بەوە دەکات تەنها یەک ژن لە ئەنجوومەنی وەزیرانە.

هاوسەرگیری مناڵان بە ئارەزووی دەوڵەت ڕوودەدات

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، هاوسەرگیری مناڵان بە ئارەزووی دەوڵەت دەکرێت، ٢٦٪ ی کچانی کەم تەمەن بەبێ ویستی خۆیان بەشوو دەدرێن.

هەڕەشەی کوشتن لە ژنە تێکۆشەرەکان دەکرێت

ڕاپۆرتەکە ڕوونی دەکاتەوە، ژنانی کورد و کۆچبەران و ئاوارە و ژنە کەمئەندامەکان و هاوڕەگەزخوازەکان و ڕەگەزگۆڕاوەکان مەترسی توندوتیژیان لەسەرە.

با تورکیا بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ئیستەنبوڵ

ڕیم ئەلسالم، لە ڕاپۆرتەکەدا بانگەواز دەکات، پێوستە تورکیا دەستوبرد بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ئیستەنبوڵ، ئاماژە دەکات بە پێوێستی وەستاندنی کارکردن بە یاسای "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" دژی چالاکوانانی بواری ژنان، تا بتوانن ئازادانە کاری خۆیان بکەن.