بە دیمەن

نوێنەرایەتی هەدەپە: دەرکردنمان لە هەولێر هاوکاتی سەپاندی قەیومە

نوێنەرایەتی هەدەپەی باشوری کوردستان پەیوەست بە دەرکرنیان لە هەولێرەوە بۆ سلێمانی، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان ڕێکخست و ئاماژەیان بە نایاسایی‌بوونی بڕیارەکەی پەدەکە کرد.

دوای ئەوەی لە لایەن ئاسایشی پەدەکەوە نوێنەرایەتی هەدەپە ئاگادار دەکرێتەوە کە دەبێت دەستبەجێ نوێنەرایەتییەکەیان لە هەولێر جێبهێڵن و بڕۆنە شاری سلێمانی. ئەمڕۆ نوێنەرایەتی هەدەپە لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان ڕێکخست.

لە کۆنفرانسەکەدا حیکمەت هاتیب نوێنەری هەدەپە لە باشووری کوردستان بۆ ڕاگەیاندنەکان قسەی کرد و وتی: "لە کاتێکدا لە باکووری کوردستان درێژە بە سەپاندنی قەیوم دەدرێت، ئەمڕۆیش لە باشووری کوردستان لە لایەن ئاسایشی پەدەکەوە ئاگادار کراینەوە کە دەبێت دەستبەجێ نوێنەرایەتییەکەمان جێبهێڵن و بڕۆنە شاری سلێمانی."

هەر لە قسەکانیدا هاتیب ئاماژەی بەوەدا بەشێوەیەکی زۆر نایاسانە لە هەولێر دەرکراون و تەنانەت ژیان و خێزانەکانیان جێهێشتوە و گوتی: "ئێمە وەک هەدەپە بەشێوەیەکی یاسایی خەریکی کار و خەباتی خۆمانین، وە تا ئێستا هیچ گرفتێکمان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دروست نەکردووە، بۆیە ڕایدەگەیەنین لەگەڵ چارەسەرکردنی هەر کێشەیەکداین بەشێوەیەکی یاسایی. وە ئێمە نازانین لەبەر چ هۆکارێک ئەم بڕیارە نایاسایی و ڕێکارانەمان بەرامبەر دەکرێت."