ڕۆژنامەوانانی ژن لە باشووری کوردستان پشتیوانی خۆیان لە گزنگی بەرەبەیان کرد
ڕۆژنامەوانانی ژن لە باشووری کوردستان داخستنی کۆمپانیای گزنگی بەرەبەیان بۆ کاری میدیایی-یان شەرمەزار کرد و بانگەوازی پشتیوانیکردنیان لە ژنانی ڕۆژنامەوان کرد.
ڕۆژنامەوانانی ژن لە باشووری کوردستان داخستنی کۆمپانیای گزنگی بەرەبەیان بۆ کاری میدیایی-یان شەرمەزار کرد و بانگەوازی پشتیوانیکردنیان لە ژنانی ڕۆژنامەوان کرد.
لە دژی داخستنی کۆمپانیای گزنگی بەرەبەیان کە کاری میدیایی سنوردار دەکات، ژنانی ڕۆژنامەوان لە باشووری کورستان بە ڕاگەیاندراوێک داخستنی کۆمپانیاکەیان شەرمەزارکرد.
سنوور ڕەحمان ڕۆژنامەنووس، لەسەر ناوی ڕژنامەنووسانی ژن لە باشووری کوردستان، لە بارەی ڕاگرتنی کارەکانی کۆمپانیای گزنگی بەربەیان کەبۆ ژن تیڤی کاردەکات، ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، كەناڵی ژن تیڤی سەكۆیەكە دەنگی ژنانی كورد بەهێزتر دەكات و دەیگەیەنێت بە جیهان، داخستنی كەناڵی ژن تیڤی پێشێلكارییەكی جددیی یاسا نێودەوڵەتییەكانە، لە كاتێكدا دەبوو ئێستا بە یارمەتی لایەنی پەیوەندیدار هەوڵی دامەزراندنی ناوەندێك بۆ بەهیزكردنی كاری ژنانی ڕۆژنامەنووس بدرێت و پرۆفایلێك بۆ كارەكتەری ڕۆژنامەگەر بونیاد بنێین، بەڵام دەبینین ڕۆژ بەڕۆژ مەودای كاری میدیا بچووك دەكرێتەوە.
باس لەوەشكراوە، ئەم هەنگاوە بۆ دەرخستن و گەورەكرنی كۆمەڵێك میدیای مەگەزینییە كە ڕۆڵێكی خراپ لە دەرخستنی ژن و كۆمەڵگەدا دەبینێت، وەك پڕۆژەی بازرگانی لە هەوڵی بەمۆدێلكردنە،كە نە سیمای ژنی كوردە نە ڕەنگدانەوەی ڕاستینەی كۆمەڵگەی كوردیشە.
ئاماژە بەوەشكراوە، هەوڵی درووستكردنی بەربەست و ڕێگریی دەدرێت لە بەردەم ئەو میدیایانەی هاوتەریبن لەگەڵ بەرەوپێشبردنی دیموكراسی و خواستی كۆمەڵگەی كوردی لە ئاڵۆزیی ناوچەكەدا، بەئامانجكردنی كەناڵی ژن تیڤی هێرشێكی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر یەكسانی ڕەگەزیی و بەهێزكردنی ژنان، كە پێچەوانەی ئەو بەڵێنانەیە كە بەپێی ڕێككەوتننامەی (سیداو) بۆ نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاكارییەك دژی ژنان دراون.
ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەگەرچی بانگەشەی دیموكراسی و دەرفەتی نوێ دەكرێ، بەڵام لەڕاستیدا ئەم دەستوەردانە بەتەواوی لە دژی ژنە و دیاردەی توندوتیژیی زەق دەكاتەوە، ئەم بریارە لە دژی ژنە لە دژی ئازادیی و دیموكراسییە بە مەبەستی بیدەنگ كردنی ژن و بیدەنگ كردنی ئەو توێژەی كە هەموو ڕۆژێك لەگەڵ كوشتن و توندوتیژیی ڕووبەڕووە.