ڕۆنووس: هەوڵەکانی کپکردنی دەنگی ئازادی ژنان کارێکی شەرمهێنەرانەیە
ڕۆنووس لە دژی داخستنی کۆمپانیای گزنگی بەربەیان بۆ کاری میدیایی ناڕەزایەتی دەربڕی و وتی: "کپکردنی دەنگی ئازاد و دەنگی ژنان ڕەت دەکەینەوە و ئەوەی کراوە کارێکی شەرمهێنەرە."
ڕۆنووس لە دژی داخستنی کۆمپانیای گزنگی بەربەیان بۆ کاری میدیایی ناڕەزایەتی دەربڕی و وتی: "کپکردنی دەنگی ئازاد و دەنگی ژنان ڕەت دەکەینەوە و ئەوەی کراوە کارێکی شەرمهێنەرە."
فیدراسیۆنی نووسەران و ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆ ( ڕۆنووس) لە دژی داخستنی کۆمپانیای گزنگی بەربەیان بۆ بەرهەمهێنانی کاری میدیایی، ڕاگەیاندراوێکی ناڕەزایەتییان بڵاو کردەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە ئەم کارە نایاسایانە پێشێلکردنێکی ئاشکرای دەنگی ئازاد و دەنگی ژنانە.
دەقی ڕاگەیاندراوەی ڕۆنووس بەم شێوەیە:
"کۆمپانیای گزنگی بەربەیان لە ڕاگەیەنراوێکدا بۆ ڕای گشتیی ئەوەی ئاشکرا کردووە، کە هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی پشتبەست بە بڕیارێکی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق هەستاون بە داخستن و دەستبەسەرداگرتنی کۆمپانیاکەیان و ژمارەیەک دەزگای تری میدیایی کە کاریان بۆ کەناڵی ژن تیڤی کردووە.
ڕاگەیەنراوەکەی کۆمپانیای گزنگی بەربەیان کە کار بۆ کەناڵی ژن تیڤی دەکات ئاماژەی بەوەکردوە کە هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی بە بێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە و بێ هیچ بڕیارێکی دادوەر چونەتە سەر دەزگاکە و دایانخستوە.
بەداخەوە لە پێشوازیی ساڵی نوێدا و لەبری پیرۆزبایی، هاوکاتی کۆمپانیای گزنگی بەربەیان و ڕاگرتنی کارەکانی ژن تیڤی کە ئەمە پێشێلکردنێکی ئاشکرای دەنگی ئازاد و دەنگی ژنانە، ژمارەیە دەزگای تری وەک (بزوتنەوەی ژنانی ئازادی کوردستان و کۆمپانیای نوێگەر و مەرزیە)ش داخراون و ئەوانیش ڕایانگەیاندوە کە هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە یان فەرمانی دادوەریان نەبوە.
کپکردن و هەوڵی بێدەنگکردنی دەنگی ئازاد و بە تایبەت دەنگی ژنان لە هەر کوێ بێت جێگەی شەرمەزارییە و بە توندی سەرکۆنەی دەکەین، بۆ ئەم کارەی دەزگای ئاسیشی سلێمانیش کە وەک خۆیان دەڵێن پاڵپشت بە بڕیارێکی پێشووی ئەنجومەنی دادوەری عێراق بوە، سەرکۆنە و ئیدانەی دەکەین و دەخوازین ئەو ستەمەی لەو دەزگا و میدیایانە کراوە بە زویی هەڵبگیرێت و ڕێگە بە کارکردنیان بدرێتەوە بۆ ئەوەی نەبێتە تانەیەکی گەورە بۆ پانتاییی ئازادی میدیا و ژن لە هەرێمی کوردستان و سلێمانی بە تایبەتی. چونکە کپکردنی دەنگی ئازاد و دەنگی ژنان هەرکەس و بە هەر بیانوویەک بیکات جگە لە پێشێلکاریەکی گەورە، کارێکی شەرمهێنیشە بۆ ئەنجامدەرەکانی."