پارتی سەوزەکانی ئەڵمانیا: هەڵبژاردن بۆ چەسپاندنی دیموکراسی دەرفەتێکی گرنگە

پارتی سەوزەکان کە یەک لە پێکهێنەرانی حکومەتی ئەلمانیایە سەرنجی راکێشا بۆ سەر هەڵبژارندەکانی ١٤ی ئایار و رایگەیاند، " تورکیا چەندین ساڵە لە ژێر دەسەڵاتی ئەردۆغاندایە، بۆ ئەوەی بەرەو دیموکراسی و دەوڵەتی یاسا بگەڕێتەوە، دەرفەتێکی گەورەی لەبەردەمدایە".

پارتی سەوزەکان کە یەک لە هاوبەشان و پێکهێنەرانی حکومەتی ئەڵمانیایە لەبارەی هەڵبژاردنی ١٤ی ئایار لە تورکیا و باکووری کوردستان بانگەوازی "بەشداری لە پرۆسەی گۆڕانکاری دیموکراتیک ببن"ی راگەیاند و داوای کرد پرسی کورد بە دانوستان و شێوەی ئاشتیانە چارەسەر بکریت.

پارتی سەوزەکان لە راگەیەندراوێکدا سەرنجی بۆ سەر گرنگی هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار راکێشاوە.

لە راگەیەندراوەکەدا کە بە ناوی بەڕێوەبەرایەتی پارتەکە بڵاوکراوەتەوە، سەرنج راکێشراوە بۆ سەر پەیوەندیەکان لەگەڵ تورکیا، لەبەر ئەوەی زیاتر لە سێ ملیۆن هاووڵاتی تورکیا و باکووری کوردستان لە ئەلمانیا دەرژین. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە :"داواکاری لە داهاتوودا پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیایەکی دیموکراتیک باشتر بکەین".

پارتی سەوزەکان رایگەیاندووە، لە تورکیا پشتیوانی لەو کەسانە دەکەن کە لە پێناو دیموکراسی، سەروەری یاسا، یەکسانی و مافەکانی مرۆڤ تێدەکۆشن، هەروەها داواشی کردووە زیندانیانی سیاسی ئازاد بکرێن.

پارتی سەوزەکان رایگەیاندووە کە ئەگەر لە تورکیا بۆ دیموکراسی و دەوڵەتی یاسا بگەڕێتەوە دەبێت دانوستانەکانی بە ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا سەرلەنوێ دەستپێبکەنەوە و لەبارەی هەڵبژاردنی ١٤ی ئایارەوە ئەم بانگەوازەی راگەیاند: "تورکیا کەبەرەو هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتی کۆمار دەچێت چەندین ساڵە لە ژیر دەسەڵاتی ئەردۆگاندایە، لەبەر ئەوە دەرفەتیکی گەورەی لەبەردەمدایە کە بگەڕێتەوە بۆ دیموکراسی و دەوڵەتی یاسا. داوادەکەین دەنگدەران لە ئەڵمانیا و تورکیا بەشداری لە هەڵبژاردنی ١٤ی ئایاردا بکەن و پشکیان هەبیت لە پرۆسەی گۆڕانکاری دیموکراتیکدا".

هـ . ب