پارێزەر فرانسوا دێڤدژیان: دەبێت لە پێناو ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالاندا تێکۆشان بکرێت

پارێزەری فەرەنسی فرانسوا دێڤێدژیان عەبدوڵا ئۆجالان وەک ماندێلای کورد ناودێر دەکات و دەڵێت، دەبێت لە پێناو ئازادی ئەودا تێکۆشان بکرێت. دێڤێدژیان دەستنیشانی کرد کە سی پی تی دەبێت پەیوەست بە گۆشەگیری ئیمراڵی بە راگەیەندراوێک رای گشتیی ئاگادار بکاتەوە.

٢٥ ساڵە رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە هەلومەرجی گۆشەگیریدا راگیراوە و ٤٠ مانگیشە هیچ هەواڵێکی نازانرێت.  رێکخراوە پەیوەندیدارەکان بەتایبەتی سی پی تی بەرمابەر بەو پێشێلکارییە درێژە بە بێدەنگی دەدەن.

لەلایەکی دیکەوە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری بۆ پرسی کورد" دەستیپێکرا. لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەدا یاساناسان لە کۆمەڵگا جیاجیاکانەوە ناڕەزایەتیان لە بەرامبەر ئەو پێشێلکارییە درێژە پێدەدەن.

لە رۆژانی رابردوودا پارێزەرانی سەندیکای پارێزەرانی پاریس بۆ شەرمەزارکردنی پێشێلکارییە یاساییەکانی بەرامبەر بە عەبدووڵا ئۆجالان و زیندانیانی دیکەی ئیمراڵی، نامەیەکیان ئاراستەی وەزارەتی داد کرد. پارێزەر فرانسوا دێڤدژیان کە ئەویس لەناو ئەو پاڕێزەرانەدابوو، سەبارەت بە گۆشەگیری لە ئیمراڵی قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات کرد.

'عەبدوڵا ئۆجالان کەسێکی گرنگە'

لەپارێزەرانی سەندیکای پارێزەرانی پاریس فرانسوا دێڤدژیان رایگەیاند، کە گۆشەگیری ئیمراڵی بە ئاشکرا پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و پارچەیەک لە سیاسەتی نکۆڵیکردنی دەوڵەتی تورکە، دێڤدژیان پەیوەست بە هەڵوێستی سەندیکای پارێزەرانی پارێس لە بەرامبەر گۆشەگیری لە ئیمراڵی وتی، "سەرەتا من ئەو گۆشەگیریەی سەر عەبدوڵا ئۆجالان وەک پراتیکی تورکیا شۆڤە دەکەم. عەبدوڵا ئۆجالان کەسێکی گرنگە کە نوێنەرایەتی گەلی کورد دەکات. بەڵام تورکیا رێز لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ، لە گەلی کورد و نوێنەرانی ناگرێت. دەوڵەتی تورک، چ ئەردۆغان بێت یاخود کەسانی پێش ئەو، بە تایبەتی لەسەر ئۆجالان و بە گشتیش لەسەر گەلی کورد هەڵوێستێک کە گوزارشتە لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ دەگرنە بەر. هەربۆیە وەک پارێزەرانی سەندیکای پاریس ئێمە ئەو بڕیارە نایاساییە شەرمەزار دەکەین و داواکارین کۆتایی پێبهێندرێت".

'گۆشەگیری پارچەیەک لە کولتوری نکۆڵیە"

پارێزەر فرانسوا دێڤدژیان دەستنیشانی کرد کە گۆشەگیری لە ئیمرآڵی پارچەیەک لە سیاسەتی نکۆڵیکردنی دەوڵەتی تورک و بەم جۆرە بەردەوام بوو: "بە راستیش مرۆڤ تێناگات کە بۆچی رۆیشتنی پارێزەرانی عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئیمرالی رێگریی لێدەکرێت یاخود تێگەیشتن لەوە دژوارە. من نازانم کە ئۆجالان تائێستا لە ژیاندایە یا خود نا. هیچ پەیوەندییەکی راستەوخۆ بوونی نییە. رەنگە نەخۆش بێت. خاڵی یەکەم و دراماتیکترینی ئەمەیە. ئێمە نە لە رووی دۆخی جەستەیی و نە لە رووی دۆخی هزرییەوە، دۆخی تەندروستی عەبدوڵا ئۆجالان نازانین.

دووەم؛ هەر کەس دەبێت با ببێت پێویستە زیندانی چاوی بە پارێزەرانی بکەوێت، بە تایبەتی زیندانیەک کە رەمز وهێمایە وەک عەبدوڵا ئۆجالان دەبێت دیدارلەگەڵ پارێزەرانی ئەنجام بدات. هاوکات رێگەیەک هەبێت کە پەیامەکانی بگەیەنێت. ئەو قەدەغەیە دەریدەخات کە دەوڵەتی تورک رەتیدەکاتەوە کە عەبدوڵا ئۆجالان وەک موخاتەب و بەردەنگ دابنێت.

بە رای من پەیامی تورکیا ئەوەیە کە دەیەوێت بڵێت عەبدوڵا ئۆجالان بوونی نییە، واتە وەک پرسی ئەرمەنیەکان کە نکۆڵی لێدەکات. ئەوە کولتورێکی نکۆڵییە، نکۆڵی لە مرۆڤەکان، لە گەلان و کەسەکانە".

'دەبێت سی پی تی لەبارەی تورکیاوە بە راگەیەندراوێک رای گشتی ئاگادار بکاتەوە'

پارێزەر فرانسوا دێڤدژیان رەخنەی لە هەڵوێستی ئەنجومەنی ئەوروپا و سی پی تی لەبەرامبەر ئیمراڵی گرت و وتی، "لەبەر ئەوەی تورکیا وەڵامی نەداوەتەوە، تائێستاش تورکیا راپۆرتەکەی پەیوەست بە ئیمراڵی ئاشکرا نەکردووە. سی پی تی لەم دواییەدا سەبارەت بە ئازەربایجان بڕیارێکی ریزپەری دا و لەبارەی ئەو وڵاتەوە راگەیەندراوێکی ئاراستەی رای گشتی کرد. دەتوانێت هەمان شتیش لەبارەی تورکیاوە بکات. من پێموایە ئەوە دەبێت بڕیارێکی رەوا و گونجاو. کاتێک مرۆڤ لە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا دەڕوانێت، من بیردەکەمەوە کە هەنگاوێکی لەو جۆرە راستەقینەتر دەبێت. وەک دەوڵەتێک کە بە سیستماتیک مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکات، ئێوە ناتوانن داوای لێبکەن کە بێتە ناو یەکێتی ئەوروپا یاخود پەیوەندی لەگەڵ ساز بکەن".

'عەبدوڵا ئۆجالان ماندێلای کوردانە، دەبێت ئازاد بکرێت'

پارێزەر فرانسوا دێڤدژیان سەبارەت بە هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری بۆ پرسی کورد" هەڵسەنگاندنی کرد و وتی، "من پێموایە کە هەڵمەتی ئازادی بۆ ئۆجالان زۆر گرنگە. عەبدوڵا ئۆجالان نێلسۆن ماندێلای کوردانە. ئەگەر هەر کەسێک ئاشتی و لە دۆخی گەلی کورد و پەیوەندییەکانی لەگەڵ دراوسێکانیدا باشبوونی دەوێت، عەبدوڵا ئۆجالان دەتوانێت ئەوانە بهێنێتەدی. بەڵام گۆشەگیری لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان، دەریدەخات کە تورکیا نایەوێت دان بە مافەکانی کورددا بنێت و رێککەوتنێکی ئاشتیانە بکات. هەربۆیە دەبێت لە پێناو ئازادی ئۆجالاندا تێبکۆشین. دەبێت سەرەتا دەرفەت بدرێت کە عەبدوڵا ئۆجالان لەگەڵ پارێزەرانی دیدار ئەنجام بدات. ئەو دۆخە هەڵبەتە بۆ کوردان پێویستیەکە، بەڵام بە رای من لە هەمان کاتدا بۆ تورکەکان و مرۆڤایەتیش گرنگە؛ بۆ ئەوەی هەمووان تێبگەن کە چ مەترسیەک هەیە، ئەو بابەتە گرنگە".

هـ. ب