پێنج هاوڵاتی فەرەنسی لەئێران دەستبەسەركران
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دەستبەسەركردنی پێنج هاوڵاتی وڵاتەكەی لە ئێران پشتڕاست کردەوە.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دەستبەسەركردنی پێنج هاوڵاتی وڵاتەكەی لە ئێران پشتڕاست کردەوە.
لەرۆژانی رابردوودا، وڵاتانی ئەڵمانیا، فەرەنسا، هۆلەندا، نەمسا، بەلجیکا، كەنەدا، ئیسپانیا و ئیتالیا داوایان لەهاوڵاتیانیان كرد، هەرچی زووە ئێران بەجێ بهێڵن.
كاترین كۆلۆنا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەئاخاوتنیدا بۆ راگەیاندنەكان، رایگەیاند، لەئێستادا پێنج هاوڵاتی وڵاتەكەی لە ئێراندا دەستبەسەرن و لەزیندانەكاندان.
بەگوێرەی راپۆرتێكی"رۆیتێرز"كۆلۆنا رۆژی سێ شەممە ١٠ی تەشرینی یەكەم بۆ رادیۆی"فرانس ئەنتر"ی راگەیاندوە، هەفتەی رابردوو هەوڵیانداوە تاوەکو ناسنامەی هەر پێنج هاوڵاتیەكە دەستبەسەركراوەكەی فەرەنسا لەئێران پشتڕاست بكاتەوە.
تا ئێستا وردەكاری لەسەر ناسنامەی ئەو پێنج هاوڵاتیە دەستبەسەركراوە فەرەنسیە بڵاونەكراوەتەوە.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەئاخاوتنەكانیدا راشیگەیاند، ئەمڕۆ لەپەیوەندیەكیدا لەگەڵ هاوتا ئێرانیەكەی، داوای كردوە بەپەلە هەموو هاوڵاتیانی فەرەنسی كە لەئێراندا دەستبەسەرن، ئازاد بكەن.
فەرەنسا داوای لەهەموو هاوڵاتیانی خۆی كردوە بۆ ئەوەی رێگری لەدەستبەسەركردنیان لەلایەن هێزە ئەمنیەكانی ئێرانەوە بگردرێت، بەپەلە ئەو وڵاتە جێبهێڵن.
ماڵپەڕی وزارەتی دەرەوەی فەرەنساش ئاماژەی بەوە كردوە، هەر گەشتیارێكی فەرەنسی بەتایبەتی ئەو كەسانانەی ناسنامەیان هەردوو وڵاتیان هەیە، رووبەرووی مەترسی دەستبەسەركردن و دادگایی كردنی نامرۆڤانە دەبنەوە.
ف.ق