پرۆفیسۆر بالانچێ: سازشکاری وڵاتانی رۆژئاوای ئەردۆغان دەکات بە موسیلینی

بالانچێ رایگەیاند، دەوڵەتی تورک لە رۆژئاوا پاکتاوی ئێتنیکی دەکات و وتی، "ئەمڕۆ دەخوازرێت کە ستراتیژی پشتێنەی ؤەرەبی لە سەر دەستی دەوڵەتی تورک جێبەجێ بکرێت. ئەردۆغان هەموو ئەو دەرفەتانە دەقۆزێتەوە کە دەوڵەتانی رۆژئاوایی پێشکەشی دەکەن.

ئەو سەرهەڵدانەی کە ساڵی ٢٠١٠ لە تونس دەستیپێکرد و بە وڵاتانی میسر و لیبیادا بڵاوبووەوە، لە ئاداری ٢٠١١ سوریاشی تەنیەوە. ئەو سەرهەڵدانە وەک بەهاری عەرەبیش ناودێر دەکرێت. رژێمی ئەسەد وتی، "خۆپیشاندەران لەلایەن وڵاتانی بیانییەوە ئاراستە دەکرێن، ئەمە پیلانگێرییەکە'. هەوڵ درا کە راپەڕینەکە بە شێوەیەکی توند سەرکوت بکرێت و بەم جۆرە پێکدادان دەستیپێکرد. ئەو پێکدادانە بە ماوەیەکی کورت سەرتاسەری وڵاتەکەی گرتەوە و گۆڕدرا بۆ شەڕی ناوخۆیی.  کاریگەری ئەو شەڕە ناوخۆییە رۆژ لە دوای رۆژ پەرەی سەند و رەهەندی شەڕێکی نێونەتەوەیی بە خۆیەوە گرت. بەتایبەتیش لە ساڵی ٢٠١٣ ەوە چیتر تەنیا رژێمی ئەسەد و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان لەو شەڕەوە نەگلابوون و زۆر لایەنی دیکە بەشدار ببوون.

لە سوریا لەو شەڕە ناوخۆییەدا کە ١٣ ساڵی تێپەڕاندووە، بە سەدان هەزار مرۆڤ گیانیان لەدەستدا و بە ملیۆنان کەسیش ناچار بوو ماڵ و حاڵیان جێبهێڵن. لە مامۆستایانی جوگرافیای سیاسی زانکۆی لیۆن-٢ی فەرەنسا و ئەندامی پەیمانگای واشنتۆن پرۆفیسۆر فابریس باڵانچێ کە شارەزای کاروباری سوریا، عێراق و لوبنانە و لە کتێبەکەیدا بە ناوی "وانەکانی قەیرانی سوریا" هەڵسەنگاندنی بۆ ئەم قۆناغە کردووە، سەبارەت بە قۆناغی دوای خۆپیشاندان و شەڕی ناوخۆیی سوریا قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.

دەتوانن بە کورتی قۆناغی شەڕی ناوخۆی ١٣ ساڵەی سوریا و پەرەسەندنە مەیدانییەکان شرۆڤە بکەن؟

شەڕی سوریا لە لەم خاڵەیدا پێیگەیشتووە، دەکرێت وەک شەڕی سارد پێناسە بکرێت. لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە لە سوریا هێرشی گەورە ئەنجام نەدراون. بەڵام بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بارەگکانی ئێران و هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوا، لە ئەیلولی ٢٠٢٣ەوە بەردەوامن.

هەروەها تورکیا بە فرۆکەی بێفرۆکەوان و هێرشبەریش هێرشەکانی لە دژی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) درێژە پێدەدات. سەرباری ئەوەش هێرشی گەورەی وەک ئەوەی ٢٠١٨ بۆ سەر عەفرین و ٢٠١٦ بۆ سەر حەڵەب، ئیتر لە رۆژەڤدا نییە. کاراکتەرە هەرێمییەکان لەو شەڕە ماندووش بووبن، گەورەترین هۆکاری نەمانی شەڕ ئەوەیە کە کاراکتەرە نێونەتەوەییەکانی وەک روسیا، ئێران و ئەمریکا نایانەوێت تووشی شەڕ بن.

'تورکیا پشتیوانی لە هەندێک لە جیهادیستەکانی ئیدلب دەکات'

ئەو دۆخە مەیدانیەی هاتووەتە ئاراوە بەهۆی هێرشەکەی روسیا بۆ سەر ئوکرانیا و پێویستی روسیا بە بێلایەن مانەوەی تورکیا روویداوە. سوپای سوریا کە لەلایەن رووسیا و ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، ئێستا هەوڵ دەدات ئیدلب بگرێتەوە. ئیدلب لە ژێر دەستی دەستەی تەحریر شامدایە، کە باسکی قاعیدەیە لە سوریا.  تورکیا دژی ئەوەیە کە جارێکی دیکە ئیدلب بکەوێتەوە دەست رژێمی سوریا. تورکیا تائێستاش دەیەوێت پشتیوانی و پارێزگاری لە هەندێک لە جیهادیستەکان لەوێ بکات. لەو رووەوە لەئێستادا لە شەڕێکی سارددایە.

شەڕی غەززە هەندێک دۆخی سوریاشی هێناوەتەوە بەرباس. لە ئەیلولی ٢٠٢٣دا لە هەرێمی دێرەزور بینیمان کە عەرەب لە دژی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) وەستانەوە. دەزانرێت کە ئەوە لەلایەن ئێرانەوە رێکخرابوو.

لەگەڵ شەڕی غەزە ئێران دەیەوێت بارەگاکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی سوریا و عێراق بکاتە ئامانج و ئەو بارەگایانە چۆڵ بکرێن. بەم جۆرە ئێران دەیەوێت لە لوبنان، سوریا و عێراق هەموو بەربەستەکان لە بەردەم خۆی رابماڵێت و تیایاندا باڵادەست بێت.

'ئامانجی سەرەکی دەوڵەتی تورک لەناوبردنی رۆژئاوایە'

یەک لە کاراکتەرە سەرەکیەکانی کاولکاری لە سوریا دەوڵەتی تورکە. لەم قۆناغەدا ئێوە سیاسەتی دەوڵەتی تورک لەبارەی سوریاوە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

تورکیا دەیەوێت هەرێمی کوردان لە سوریا لەناوببات. ئەمە سیاسەتە ئاشکراکەیەتی. تورکیا لە ساڵی ٢٠١٨ەوە دەستی بەسەر عەفریندا گرتووە و دانیشتوانە کوردەکانی لەوێ دەرکرد. دواتریش گرێ سپی و سەرێکانی داگیرکرد و کوردی لەوێش دەرکرد. سیاسەتی ئێستاشی فراوانکردنی باڵادەستبوونیەتی لە شارەکانی وەک عامودێ، دربێسی و قامیشلۆ. هەرچەندە کە وەک هێرشێکی سەربازیش نەبێت، تورکیا ژێرخانی مەدەنی وەک کارەبا و نەوت بۆردومان دەکات و دەیەوێت لە رۆژئاوا کێشەی ئابووری ساز بکات و بەم جۆرە گەلی هەرێمەکە ناچار بە کۆچبەری بکات. ئامانجی سەرەکی تورکیا ئەوەیە کە کوردان لەو هەڕێمە دەربکات و لە بری ئەوان پێکهاتەی عەرەب، بەتایبەتی پێکهاتەی عەرەب و تورکمانی ئیدلب لەوێ نیشتەجێ بکات و پاکتاوی ئیتنیکی ئەنجام بدات. ئەردۆغان دەیەوێت لە بری کوردەکانی هەڕێمەکە، پشتێنەی عەرەبی دروست بکات. بۆ نمونە، وەک کۆماری باکوری قوبرس دەیەووێت 'کۆماری باکوری سوریا'ی وابەستەی خۆی دروست بکات.

ئەردۆغان هەموو ئەو دەرفەتانەی کە وڵاتانی رۆژئاوایی پێشکەشی دەکەن، بەکاریان دەهێنێت و دەیانقۆزێتەوە. لە کۆتاییدا ئەردۆغان تورکیا بەرەو رێچکەیەکی وەک موسیلینی لە ساڵانی ١٩٢٠ و ١٩٣٠ دەبات.

'رۆژئاوا هێما و هیوای کوردانە'

دەوڵەتی تورک رۆژئاوا بە مەترسی بۆ سەر خۆی دادەنێت. ئایا دەتوانین کە رۆژئاوا هەڕەشە و مەترسیە لە سەر دەوڵەتی تورک؟

رۆژئاوا هەڕەشەیەکی سەربازی نیە لە سەر تورکیا. بەڵام وەک هێما دەتوانین بڵێین هەڕەشە و مەترسیەکە. مەترسیەکی هێمایینە، چونکە کوردان نیشانیاندا کە لە سوریا هەڕێمێکی خۆبەڕێوەبەر دادەمەزرێنن. ئەوە لە ناو کوردانی باکووری کوردستانیشدا هەمان ئەندێشە ساز دەکات کە کوردان لەوێش دەیان ساڵە رووبەڕووی گوشار و ستەمن. رۆژئاوا بۆ کوردانی باکووری کوردستان هێما و هیوایە. چالاکیەکانی کوردان لە تورکیا لە پێناو رۆژئاوام لەبیرە. ئەو گەنجانەم لە بیرە کە بۆ پشتیوانی لە تێکۆشانی رۆژئاوا هاتنە پرسوس. لە دژی ئەو گەنجانە هێرشێک ئەنجامدرا و بانگەشە دەکرێت کە داعش ئەنجامیداوە، بەڵام گومان دەکرێت کە هێزی دیکە لە پشت ئەو هێڕشەوە بن. بە بڕوای من ئەو هێرشە تەنیا لە لایەن داعشەوە ئەنجام نەدراوە.

هەم ئەو هاوسۆزیە بۆ رۆژئاوا  وهەمیش هەبوونی رۆژئاوا لەلایەن ئەردۆغانەوە وەک مەترسیەک دادەنرێت. تورکیا نیگەرانە لەوەی کە کوردانی تورکیش داوای خۆبەڕێوەبەری بکەن.

'داعش هێشتاش مەترسیە بۆ سەر ناوچەکە'

بابەتێکی دیکەی گرنگ هەبوونی داعشە لە هەرێمەکە. سەرباری شکستی سەربازی لە ساڵی ٢٠١٩، هێشتاش لە هەرێمەکە بوونی ماوە. هەروەها بە هەزاران جیهادی لە زیندانەکانی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریادان. دۆخیان بە ناڕوونی ماوەتەوە. ئێوە لەبارەی هەبوونی داعش لە هەڕێمەکە و بە نادیاری هێشتنەوەی دۆخ و چارەنووسی جیهادیە بەندکراوەکان چۆن بیر دەکەنەوە؟

بەڵێ راستە، داعش هێشتاش بە مەترسیەک لە سەر هەرێمەکە دادەنرێت. نزیکەی ١٥ هەزار ئەندامی داعش لە نێوان سوریا و عێراق درێژە بە هەبوونی خۆیان دەدەن. زۆر جار هێرش ئەنجام دەدەن. هەروەها داعش چەتەی نوێ پەروەردە دەکات. نەک هەر ئەوانەی لە دەرەوە دێن، گەنجانی سوری و عێراقیش دەچنە ناو داعشەوە. دۆخی نالەباری ئابوری رێگە دەکاتەوە کە گەنجانی سوری بچنە ناو داعشەوە. بەهۆی هەڵکشانی بێکاری، زۆربوونی ژمارەی ئەو گەنجانەی لە خوێندن دابڕاون و زۆربوونی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر، ئەو گەنجانە داهاتوویان لەدەستداوە. داعش مانگانە ٤٠-٥٠ دۆلاریان پێدەدات. ئەو پارەیە بەشی پێداویستی رۆژانەیان بە کرینی ماددەی هۆشبەریش دەکات. جگەلەوە کڵاشینکۆف دەداتە دەستیان و هەستی خاوەنداری لە دۆزێکیان لەلا دروست دەکات. ئەو دۆخەش رێگە خۆشدەکات بۆ ئەوەی گەنجانی سوری بچنە پاڵ داعشەوە. بە داخەوە کە رێژەی ئەو گەنجانەی دەچنە ناو داعش زۆرە.

دوو ساڵ بەر لە ئێستا کاتێک لە هەڕێمی رۆژئاوا و بەتایبەتیش لە دێرەزور مامەوە دیدارم لەگەڵ زۆر بنەماڵەی عەرەب ئەنجامدا. لە هەرێمەکەدا هێشتاش گەل پشتیوانی لە داعش دەکات. داعش لە هەڕێمەکە هێشتاش مەترسیەکی گەورەیە. ئەم دۆخە هەستیا ر و جدییە.

'گەر دەوڵەتی تورک ناوچەکە داگیر بکات، جیهادیەکان ئازاد دەبن'

جگەلەوە راستی چەتە بەندکراوەکانی داعش لە زیندانەکانی رۆژئاواش لە ئارادایە. کەس ئەو چەتانەی داعشی ناوێت. بۆ نمونە ئەگەر ئێمە باس لە هاوڵاتیانی فەرەنسی لەوێ بکەین، کاتێک گەڕێندرانەوە پێویستە لە فەرەنسا دادگایی بکرێن. بەڵام دژوارە کە بسەلمێندرێت راستەوخۆ بەشدارییان لە چالاکیە تیرۆریستیەکاندا کردووە. بەڵگە نییە لەسەر ئەوەی چوونە ناو داعشەوە. هەموویان دەڵێن کە بۆ گەیاندنی هاوکاری چوونە سوریا. بۆ سزادانیشیان پێویستە فەرەنسا بەڵگەی بەدەستەوە بێت، بۆ نمونە وێنە و گەواهیدەرێک کە بەشداری ئەوان لە کردەوەکانی داعش بسەلمێنێت. کاتێک بەڵگەی بەم جۆرە نەبن، سزادانیان ئەستەمە، واتە دژوارە. بەگوێرەی وتەی کاربەدەستانی فەرەنسی، ئەمرۆ بە فەرمی بە هۆی بەشداربوونیان لە داعش نزیکەی ٥٠ کەس لە زینداندان، بە دڵنیاییەوە ئەو ژمارە زۆر کەمە.

هـ . ب