پەرلەمانتار شێپێرد نامە 'ئازادی بۆ ئۆجالان'ی بۆ دەیڤید کامێرۆن نارد

پەرلەمانتاری پارتی نەتەوەیی سکۆتلەندا (ئێس ئێن پی) تۆمی شێپێرد، لەبارەی گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نامەی ئاراستەی وەزیری دەرەوەی شاننشینی یەکگرتوو دەیڤید کامێرۆن کرد.

پەرلەمانتاری پارتی نەتەوەیی سکۆتلەندا تۆمی شێپێرد پەیوەست بە گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نامەیەکی ئاراستەی دەیڤید کامێرۆن وەزیری دەرەوەی شاننشینی یەکگرتووی بەریتانیا کرد و تیایدا داوای کرد گۆشەگیری کۆتایی پێبهێندرێت و لەپێناو ئازادی عەبدوڵا ئۆجالاندا بکەوێتە ناو هەوڵەوە.

لە رۆژانی رابردوودا پەرلەمانتاری پارتی نەتەوەیی سکۆتلەندا لە پەرلەمانی ئەوروپا لەگەڵ پارێزەرانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دیداری ئەنجامدا و بۆ ئەوەی سەرنج بۆ سەر گۆشەگیری رابکێشێت نامەیەکی بۆ دەیڤید کامێرۆن وەزیری دەرەوەی شانەنشینی یەکگرتووی بەریتانیا کرد.

شێپێرد لە نامەکەیدا ئاماژەی بە کاریگەری عەبدوڵا ئۆجالان لەسەر چەسپاندنی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و ئەوەی خستەڕوو کە گۆشەگیری وەک برینێک وایە بۆ گەلی کورد. شێپێرد داواشی کرد هەوڵەکان بۆ ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجالان بخرێنەگەڕ.

شێپێرد باسی لەوەکرد، کە نزیکەی ٢٥ ساڵە عەبدوڵا ئۆجالان لە ئیمراڵی لە ژورێکی تاکەکەسیدا زیندانی کراوە و وتی، "ئەمە دۆخێکە کە پێچەوانەی بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپایە".

شێپێرد لە نامەکەیدا ئەوەی خستووەتەڕوو، کە چاوی بە پارێزەرانی عەبدوڵا ئۆجالان کەوتووە، "پاڕێزەرانی ئەو وتوویانە کە نزیکەی سێ ساڵە رێگە نادرێت بەڕێز ئۆجالان هیچ پەیوەندییەکی بە جیهانی دەرەوە هەبێت. ئەو دۆخەش زیانێکی زۆر بە پێگەی تورکیا دەگەیەنێت. ئەم دۆخە بە واتای پێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەییەکان مافەکانی مرۆڤە. هەروەها ئەوە بۆ هەزاران هاووڵاتییە کوردە، کە ئەم وڵاتەیان کردووەتە ماڵی خۆیان برین و سوکایەتیە".

دەبێت کۆتایی بە زیندانیکردنی ئەو بهێندڕێت

شێپێرد داواشی لە دەیڤید کامێرۆن کرد کە لەگەڵ کاربەدەستانی تورک ئەو بابەتە هەڵبسەنگێنێت و رێگە بدرێت پارێزەرانی عەبدوڵا ئۆجالان چاویان پێیبکەوێت، هەروەها کۆتایی بە گۆشەگیری بهێندرێت و بۆ ئەوەی کۆتایی بە زیندانیکردنی ئەو بهێندرێت سیاسەتێک بگیرێتەبەر.

هـ . ب