پسپۆڕانی نەتەوە یەکگرتووەکان: ئیسرائیل هەڵمەتی برسیکردن بەڕێوەدەبات و مناڵ دەمرن

پسپۆڕانی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەوڵەتی ئیسرائیل تۆمەتبار دەکەن بە "بەڕێوەبردنی هەڵمەتی برسیکردن" کە دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی مناڵانی غەززە.

١٠ پسپۆڕی سەربەخۆی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتیان: "ڕایدەگەیەنین کە ئیسرائیل هەڵمەتی برسیکردنی بەئەنقەست لەسەر گەلی فەڵەستین بەڕێوەدەبات. ئەمە توندوتیژیی قڕکردنە و لە سەرانسەر غەززە بۆتە مایەی بڵاوبوونەوەی برسێتی".

پسپۆڕان ناوی سێ مناڵیان بڵاوکردەوە کە ئەم دواییانە "بەهۆی بەدخۆراکی و نەبوونی خزمەتگوزاری تەندرووستی" گیانیان لەدەستداوە.

ژمارەی گیانلەدەستدان لە غەززە ٣٨ هەزار و ٢٤٠ کەسی تێپەڕاند

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی حەماس لە غەززە ڕایگەیاند لە دەسپێکی ئەم شەڕەی دە مانگە بەردەوامە تا ئێستە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ناوچەکانی فەڵەستین گیانیان لەدەستداوە گەیشتۆتە ٣٨ هەزار و ٢٤٣ کەس.

ڕاگەیاندراوە لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، لانی کەم ٥٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و لە ٧ ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستە ٨٨ هەزار و ٣٣ کەس بریندار بوون.