پوتین دەربارەی یاخیبوونی فەرماندەی ڤاگنەر: خیانەت و خەنجەری ژەهراوییە

سەرۆکی ڕوسیا ڕەفتاری فەرماندەی ڤاگنەر وەک یاخیبوون لە گەل و خیانەت و چەقۆی ژەهراوی وەسف دەکات.

لە یەکەمین لێدوانی بەرامبەر یاخیبوونە چەکدارییەکەی فەرماندەی ڤاگنەر یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی ڕوسیا دووپاتی کردەوە، وەڵامی هەر یاخیبوونێک توند و یەکلاکەرەوە دەبێت.

لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنی کەناڵە فەرمییەکانی وڵاتەکەیەوە، پوتین ئەم ڕەفتارانەی بە خەنجەری ژەهراوی ناوبرد، گوایە چەکدارانی ڤاگنەر پەلکێشکراون بۆ یاخیبوونی چەکداری.

سەرۆکی ڕوسیا، بە تۆنێکی یەکلاکەرەوە دووپاتی کردەوە، هەرکەس دژی سوپای چەک هەڵبگرێت خیانەتکارە، گوتی: "وەڵاممان بۆ ئەم هەڕەشانە توند و یەکلاکەرەوە دەبێت".

پوتین ڕایگەیاند، سوپا بەرگری لە دەوڵەت و هاوڵاتیان دەکات دژی هەموو هەڕەشەکان لەوانەش "خیانەتکارانی ناوخۆ"، وەک ئاماژەیەک بۆ پریگۆژین.

هەر لەم چوارچێوەیەدا، سەرچاوەیەکی ئەمنی ڕوسی بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، چەکدارانی ڤاگنەر کۆگا سەربازییەکانی شاری ڤۆرۆنیژیان کۆنتڕۆڵکردووە کە ٥٠٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە باشوری مۆسکۆوە. ج

فەرماندەی گرووپی ڤاگنەر، یەڤگینی پریگۆژین ئەم بەیانییە ڕایگەیاند، چۆتە نێو بارەگای سەرەکی سوپا لە شاری ڕۆستۆڤ و چەند پێگەیەکی سەربازی کۆنتڕۆڵکردووە، لەوانەش فڕۆکەخانە.

دوێنێ، فەرماندەی گرووپی ڤاگنەر یاخیبوونی لە سوپای ڕوسی ڕاگەیاند، پاش تۆمەتبارکردنی سوپا بە کوشتنی چەند ئەندامێکی گرووپەکەیان لە ئۆکرانیا، مۆسکۆ ئەم تۆمەتەی ڕەتکردەوە، داوای لە چەکدارانی یەڤگینی پریگۆژین کرد فەرماندەکەیان دەستگیربکەن بە تۆمەتی "بانگەواز بۆ یاخیبوونی چەکداری".