پوتین سەربەخۆیی دۆنیتسك و لۆهانسكی بەفەرمی ناساند
ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی ڕووسیا، سەربەخۆیی هەر دوو ناوچەی (دۆنیتسك و لۆهانسك)ی ئۆکرانیای بە فەرمی ناساند و ئەوەش کاردانەوەی توندی وڵاتانی ڕۆژئاوای بەدوای خۆیدا هێناوە.
ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی ڕووسیا، سەربەخۆیی هەر دوو ناوچەی (دۆنیتسك و لۆهانسك)ی ئۆکرانیای بە فەرمی ناساند و ئەوەش کاردانەوەی توندی وڵاتانی ڕۆژئاوای بەدوای خۆیدا هێناوە.
ئەمشەو ئاڵۆزی و ناکۆکییەکانی نێوان کۆنفدراسیۆنی ڕووسیا لە لایەک و وڵاتی ئۆکرانیا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لەلایەک دیکە، بە بڕیارێکی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا چوونە قۆناغێکی دیکەی مەترسیدارەوە.
کەمێک پێش ئێستا پوتین، بڕیارێکی واژوو کرد کە تێیدا بە فەرمی دانی ناوە بە سەربەخۆیی دوو ناوچەی (دۆنیتسك و لۆهانسك)ی ئۆکرانیادا.
بە پێی بڕیارەکە، ڕوسیا و دوو ناوچەکە لە زۆر بواردا بە تایبەتی ئاساییش، سەربازی و پاراستندا هاوکاری یەکدی دەکەن.
ناوچەکانی (دۆنیتسك و لۆهانسك) سەر بە هەرێمی دۆنباس-ن کە دەکەێتە ناو خاکی ئۆکرانیاوە و زۆرینەی دانیشتوانەکەیان ڕووسن.
هەر دوو ناوچەکە بەر لە ٨ ساڵان وەک دوو کۆماری جیا لە ئۆکرانیا سەربەخۆییان ڕاگەیاندبوو و لەو کاتەوە تا بە ئەمشەو لە چاوەڕوانی دانپێدانی فەرمی ڕووسیادا ببوون و ئەمشەو پۆتین کۆتایی بەو چاوەڕاونییەن هێنا.
پێشتر سەرۆکی ڕووسیا لە وتارێکدا ڕایگەیاندبوو: ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا دەیانەوێت خاکی ئۆکرانیا بۆ سیخوڕی دژ بە ڕووسیا بەکاربهێنن، ڕۆژی دوو شەممەش سەربەخۆی هەردوو ناوچەی دۆنیتسك و لۆهانسك ڕادەگەیەنم.
پوتین، لەوەش زیاتر چووبوو و وتبووی: ئۆكرانیا بەشێكی دانەبڕاوی مێژوومانە، وەك بەشێك لە مێژوومان لێی دەڕوانین، خۆرهەڵاتی ئۆكرانیاش خاكی ڕووسیای دێرینە.
پوتین، ئاماژەی بەوە کرد بوو؛ ساڵی ڕابردوو ئەمریکا و ناتۆ بەشداربوون لە مەشق و ڕاهێنانی ٢٣ هەزار کەس لە ئۆکرانیان و لە ئێستادا پلانیان هەیە ١٠ مانۆڕی گەورەی سەربازی ئەنجام بدەن. ئەوانەش بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە دەیانەوێت هێزی سەربازی ئەتڵەسی دروست بکەن و لەوێوە چاودێری ناوەندەکانمان بکەن.
پوتین جەختی کردبوویەوە، هەر وڵاتێک ئازادە لەوەی کە ئاسایشی خۆی دابین بکات، بەڵام یاسایەک هەیە بەگوێرەی ئەو یاسایە، نابێت ئاسایشی خۆت لەسەر بنەمای ئاسایشی دەوڵەتی دیکە دابین بکەیت. چوونی ئۆکرانیا بۆ ناو ناتۆ هەڕەشەی ئاساییشی لەسەر ڕووسیا دروست دەکات، بۆیە مایە قبوڵکردن نییە. ئەمریکیەکان ئەم سیاسەتە شەڕانگێزیانە لە دژی ڕووسیا بەکاردەهێنن.
پوتین ئەوەشی وتبوو: ڕووسیا ئامادەیە بۆ چارەسەری هەر کێشەیەک هەرچەندە ئاڵۆزیش بێت بە ڕێگەی گفتوگۆ، بەڵام دەبێت لایەنی بەرامبەر گەرەنتی ئەوە بدات نابێتە مەترسی بۆ سەر ڕووسیا.
ناوچەی دۆنیتسك، ڕووبەرەکەی ٢٦،٥١٧ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و لۆهانسك-یش ڕووبەرەکەی ٢٦٫٦٨٤ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و دەکەونە بەشی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیاوە و پێکەوە هەرێمی دۆنباس پێکدەهێنن کە هەرێمێکی ستراتیژی گرنگە. هەرێمەکە لە باشورەوە دەکەوێتە سەر دەریای ئازۆف کە گەرووی کریچ دەریاکە دەبەستێتەوە بە دەریای ڕەشەوە.
پێشتر ڕووسیا هەرێمی قرمی باشوری ئۆکرانیا کە ڕووبەرەکەی ٢٦٫٩٤٥ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە خست بووە سەر خاکی وڵاتەکەی و لە ئۆکرانیا دابڕی بوو. ئێستاش وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمەریکا نیگەرانی ئەوەن ڕووسیا دۆسیەی ناوچەکانی (دۆنیتسك و لۆهانسك) بۆ هەمان مەبەست بقۆزێتەوە و سیناریۆی قرم دووبارە و وەک ئەو هەرێمە پەیوەستیان بکات بە ڕووسیاوە. مەترسییەکان لەوەش زیاتر چوون، ئەمەریکا و ڕۆژئاوا پێیانوایە؛ ڕووسیا بەو دوو ناوچەیەوە ناوەستێ و دەرەنجام ئۆکرانیا داگیر دەکات. بۆیە هەر لە دەستپێکی ئاڵۆزی و ناکۆکییەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیاوە بە ئەم ساتانەش دەگات، دژی سیاسەتی ڕووسیان بەرامبەر بە ئۆکرانیا.
هەر بۆیە خێرا لە پاش ڕاگەیاندنی بڕیاکەی ئەمشەوی پوتینەوە، سەرانی ڕۆژئاوا پەرچەکردای تنوندیان نیشاندا.
ئۆرسولا ڤۆندەرلاین، سکرتێری یەکێتیی ئەوروپا، وێڕای شەرمەزارکردنی بڕیاری داننان بە سەربەخۆیی دوو ناوچەکەدا، بڕیارەکەی پوتینیشی وەک پێشێلکارییەکی بێشەرمانەی سەروەری ئۆکرانیا و یاسا نێودەوڵەتییەکان بەناو کرد و هەڕەشەی کاردانەوەی توندی لە ژی بڕیارەکە و ڕووسیا کرد.
هەرچی بۆریس جۆنسن-ی، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاشە، بە توندی دژی بڕیارەکەی پوتین وەستایەوە بە "هەڵەیەکی گوشندە و پێشێلکاری سەروەریی و یەکگرتووی ئۆکرانیا لەقەڵەمیدا و وتی: بڕیارەکە بێوەڵام ناهێڵنەوە و لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان هەماهەنگی دەکەین تا بە پاکێجێکی بەهێز وەڵامی بدەینەوە.
هەر لەسەر مژارەکە، کۆشکی ئیلیزێی فەڕەنسا لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد، ئیمانوێل ماکرۆن-ی سەرۆکی وڵاتەکە داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئاسایشی نیشتیمانیی کردوە.
ئیلیزێ ڕایگەیاندوە: پێشتر سەرۆک ماکرۆن بە پەیوەندی تەلەفونی قسەی لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتین و سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زیلینسک کردوە. هاوکات قسەی لەگەڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز و سەرانی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپاش کردووە تا پێکەوە کاردانەوەی هاوبەشیان هەبێت دژ بەسیاسەتی ڕووسیا.
لە لایەکی دیکەوە، کۆشکی سپی ئەمەریکاش ڕایگەیاند: لە دوای بڕیارەکەی پوتین، جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا بڕیاری داوە سزای ئابوری بسەپێنێت بەسەر هەر دوو ناوچەی (دۆنیتسك و لۆهانسك)دا.
کۆشکی سپی دەستنیشانی کردوە، لە ئایندەیەکی نزیکدا بڕیاری و ڕاسپاردەی دیکە لە دژی کردەوەکەی ڕووسیا دەردەکەن کە کردەیەکە دژ بەیاسا نێودەوڵەتییەکانە.
هـ.هـ