'پێویستە سی پی تی دەستوەردان لە گۆشەگیری ئیمرالی بکات'

مۆنتسیرات ڤینیتس پەیجس پەرلەمانتاری کەتەلۆنیا داوای لە سی پی تی کرد دەستوەردان لە گۆشەگیریی عەبدوڵا ئۆجالان بکات و وتی: "لە سەرناوی بەرپرسیارێتی و دیموکراسیەوە دەمانەوێت بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان و سەرجەم زیندانییە سیاسییە کوردەکان ئازاد بکرێن".

شاندی پەرلەمانی نێودەوڵەتی کە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بۆ تاوتوێکردنی گۆشەگیریی ڕەها سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان سەردانی ئیستەنبوڵیان کرد، ئەمڕۆ گەڕانەوە وڵاتەکەیان.

یەکێک لە ئەندامانی شاندی پەرلەمانی کەتەلۆنیا (CUP)، مۆنتسیرات ڤینیتس پەیجس، کاتێک لە ئەستەنبوڵ گەڕایەوە، لە پەرلەمانی کەتەلۆنیا باسی لە سیستەمی گۆشەگیری لەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد.

مۆنتسیرات ڤینیتس پەیجس لە سەرەتای وتارەکەیدا وەبیری هێنایەوە کە مانگی شوبات ٢٥ـەمین ساڵەی گۆشەگیری بەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان تێپەڕی و ڕایگەیاند کە لەگەڵ پارێزەرانی عەبدوڵا ئۆجالان و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی تورکیا کە تێکۆشان بۆ مافەکانی مرۆڤ دەکەن لە ئەستەنبوڵ کۆبوونەتەوە.

مۆنتسیرات ڤینیتس پەیجس ئەندامی CUP سەبارەت بە گۆشەگیریی ئیمرالی وتی: "ماوەی 3 ساڵە هیچ زانیارییەک لە سەر ڕەوشی بەڕێز ئۆجالان بەردەست نییە". بەڵام ئەمە دۆخێکە کە بە ئەشکەنجە ناودەنرێت. هەر بۆیە ئێمە ئەمڕۆ لە یادی ٢٥ ساڵەی دەستگیرکردنی بەڕێز ئۆجالان لێرەین بۆ ئەوەی دەنگمان ببیستن. ئێمە داوای دەستێوەردانی کۆمیتەی بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجەی ئەنجومەنی ئەوروپا (سی پی تی) دەکەین. بەناوی بەرپرسیارێتی و دیموکراسیەوە دەمانەوێت بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان و سەرجەم زیندانیانی سیاسی کورد دەستبەجێ ئازاد بکرێن.