'قارەمانێتی کۆبانی ئەمڕۆ لە زاپ بەردەوامە"

لە لەندەن ساڵیادی ئازادکردنی کۆبانی بەڕێوەچوو. پەیامی'قارەمانییەتی کۆبانی ئەمڕۆش لە چیاکانی کوردستان بە هەموو شکۆمەندییەوە بەردەوامە'.

مەجلیسی گەلی کورد و بزووتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕی بەریتانیا(تەجەشە) بە بۆنەی هەشتەمین ساڵڕۆژی ئازادکردنی کۆبانی لە بارەگای (کەجەجە)مەراسیمێکیان بەڕێوە برد.

لە هۆڵەکەدا پۆستەرەکانی ، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ، ئاڵای یەپەگە و یەپەژە و وێنەی شەڕڤانانی یەپەگە کە لە ئینگلیزەوە چوون بۆ ڕۆژئاوا و شەهید بوون، هەڵواسرابوون. دروشمی "شەهیدان نامرن"، "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "ژن،ژیان، ئازادی"بە بەردەوامی وترانەوە. لە ڕێوڕەسمەکەدا وتارێک بە ناوی (تەجەشە) پێشکەش کرا و باس لەوە کرا کە قارەمانێتی و فیداکاریی کۆبانی ئەمڕۆش لە چیاکانی کوردستان لە زاپ بە هەموو شکۆمەندی خۆیەوە لە دژی فاشیزم و داگیرکاری بەردەوامە.

پاشان ئاسۆ کەریمی و ئەرجان ئەقبال بەناوی مەجلیسی گەلی کوردەوە وتاریان پێشکەش کرد.

لەم وتارانەدا باسی ئارین میرکان کرا و وتیان گەلی کورد لە کۆبانی لە دژی دڕندەیی تێکۆشانێکی ئینسانی کرد. ڕاگەیەندرا کە شەڕی داعش، دژی فاشیزمی ئەردۆغان و حکومەتی تورکیا و هەموو شوێن کەوتووەکانی کرا.

هەروەها باس لەوشکرا کە ژنانی کورد لە ڕزگاری کۆبانیدا پێشەنگایەتییەکی مێژووییان لە ئەستۆ گرت و ئەم پێشەنگایەتییە بووەتە مایەی ئیلهام بۆ تێکۆشانی ڕزگاریخوازانەی ژنان لە سەرانسەری جیهاندا.

دوای وتارەکە میر سەرحەد و مەروان شان هاتنە سەر شانۆ بەرهەماکانیان پێشکەش کرد.