لە پەرلەمانی ئەوروپا لەلایەن کۆمسیۆنی هاوڵاتیانی تورکیا لە ئەوروپا لە ژێر ناوی "لە تورکیا زیندانیانی سیاسی: رێگەی ئازادی و ئاشتی بەرەو کوێ دەچێت" کۆنفڕانسێک سازکرا. کۆنفڕانسەکە لە سێ بەش بە ناوەکانی "راستی زیندانەکانی تورکیا"، "ژیانی یەکگرتووانە-پێویستی چارەسەرکردنی پرسی کورد" و "دەرگاکان بکەنەوە: ئەو رێگەیەی بەرەو ئازادی و ئاشتی دەچێت" پێکهات. پەرلەمانتاران، سیاسەتمەداران لە وڵاتانی جیاجیا، ئەکادیمیسیان، مافناسان، بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ و نوێنەرانی رێکخراوە مەدەنیەکانیش کە پێشەنگایەتیان بۆ راگەیاندنی هەڵەمەتی ئازادی ١٠ی تشرینی یەکەم کردبوو، بەشداری کۆنفڕانسەکە بوون.
لە دانیشتنی دووەمی کۆنفڕانسەکەدا پانێلێک بە ناونیشانی "راستی زیندانەکانی تورکیا" سازکرا. لە پانێلەکەدا کە لەلایەن ئەندامی کورد-ئاکاد لە ئەڵمانیا دێرسیم داغدەڤیرەن بەڕێوەبرا، سەرەتا رەزان ساریجا پارێزەری عەبدوڵا ئۆجالان بە ناونیشانی "سیستمی ٢٥ ساڵەی ئیمراڵی وەک نمونەی سەرەتایی دۆخی نائاسایی زیندان" بابەتەکەی پێشکەش کرد.
رەزان ساریجا: لە ئیمراڵی گەلەکۆمە و کۆدەنگیەکی نێونەتەوەیی جێبەجێ دەکرێت
ساریجا سەرەتا ئاماژەی بەوەکرد، کە پیلانگێڕی نێونەتەوەیی ١٥ی شوبات کاراکتەری راستەقینەی خۆی بە زیندانی دوورگەی ئیمراڵی داوە و هەلومەرجی پێکهاتنی پیلانگێری نێونەتەوەیی شرۆڤەکرد. ساریجا ئەوەی خستەڕوو، کە دوای ئەوەی عەبدوڵا ئۆجالان بە دیل گیراوە، هیچ یاسایەک جێبەجێ نەکراوە و وتی، "یاسای نێونەتەوەیی و یاسای پەنابەری کاریان پێنەکراوە. رادەستی وڵاتێک کرایەوە کە بە دڵنیاییەوە گومانی ئەوەهەبوو کە سزای لە سێدارەدانی بەسەردا بسەپێندرێت و ئەگەری هەبوو رووبەڕووی ئەشکەنجە بکرێتەوە. ئەو سیاسەتێکی ئاشتیانە و پێکەوەژیانی بەڕێوەبرد، بەڵام لە بەرامبەریدا هەڵوێستێک گیرایە بەر کە لە هەموو بەهاو و پێودانگێکی دیموکراتیک داماڵدراوە. رژێمی زیندانی دوورگەی ئیمراڵی لە ئەنجامی رێککەوتنێکی نێونەتەوەیی بەم جۆرە پێشخرا. ئەو گەلەکۆمە و کۆدەنگیە نێونەتەوەییە ٢٥ ساڵە لە ئیمراڵی بەردەوامە".
'لە ئیمراڵی هیچ یاسایەک جێبەچێ ناکرێت'
پارێزەر ساریجا بەم جۆرە باسی لە هەموو کردەوە نایاساییەکان و پێشێلکارییەکان کرد کە لە ٢٥ ساڵی رابردوودا بەرامبەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجامدراون: "دوای یاخیبوونە سەربازییەکەی ١٥ی تەمووزی ٢٠١٦، لە ئیمراڵی هەموو یاساکان بە تەواوەتی پێشێلکرابوون. لە وڵاتەکە دۆخی نائاسایی راگەیەندرا و یەکەم هەنگاوی لە دوورگەی ئیمراڵی جێبەجێ کرا. تەنیا بە پێی بڕیارێک هەموو پەیوەندییەکان لەگەڵ جیهانی دەرەوە، واتە دیدار لەگەڵ بنەماڵە، پارێزەر، تەلەفون، فاکس و نامە قەدەغەکران. هەموو یاساکان پێشێلکران".
ساریجا سەرنجی بۆ سەر هەوڵوێستی کاربەدەستانی دامەزراوە و رێکخراوە نێونەتەوەییەکان بە تایبەتیش سی پی تی لە بەرامبەر ئیمراڵی راکێشا و بەم جۆرە بەردەوام بوو، "وەک دامەزراوەکانی دیکە، سی پی تیش لە بری دەستنیشانکردنی رێژەیی، ماوەی ٢٥ ساڵە ئەرکی خۆی لە رێگریکردن لە ئەشکەنجە بەجێناگەیەنێت. لە بری ئەوەی دۆخەکە باشتر بکات، هەلومەرجی ئیمراڵی بە ئاسایی دادەنێت".
پارێزەر ساریجا وتی، "سیاسەت و رژێمێک کە بە سەر ئۆجالاندا دەسەپێندرێت، بە کاریگەرییەکی فرەلایەنەوە گۆڕدراوە بۆ شێوەی بەڕێوەبەری لە تورکیا و سیستمێکی یاسایی. ئیدارەی ئەمڕۆی وڵاتەکە، رژێمی ئیمراڵی دامەزراند. ئەو سیاسەتەی لە ئیمراڵی بەڕێوەبرا، لە رووی سیاسی، یاسایی، ئابووری و کۆمەڵایەتیەوە وەک بوومێڕانگێک لێکەوتەکانی رووبەڕووی وڵاتەکە بووەوە".
یۆناسۆن: دەرگاکانی ئیمراڵی بکەنەوە
دواتر وەزیری داد و ناوخۆی پێشووی ئایسلاند ئۆگوموندور یۆناسۆن قسەی کرد و بابەتێکی بە ناونیشانی "ئیمراڵی ئاستی یاسایی و سیاسی نێونەتەوەیی" پێشکەش کرد. یۆناسۆن ئەوەی خستەڕوو کە دەبێت دەرگاکانی ئیمراڵی بکرێنەوە دەستبەجێ عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت.
یۆناسۆن ئەوەی خستەڕوو کە ماوەی سێ ساڵە هیچ هەواڵ و زانیارییەک لەبارەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەردەست نییە و ئەو دۆخە مایەی قەبوڵکردن نییە و وتی، لە ئیمراڵی بە گشتی یاسا نێونەتەوەییەکان پێشێلکراون.
یۆناسۆن جەختی لەوەکردەوە، کە پێویستە کێشەی کورد نەک بە شەڕ، بەڵکوو بە دانوستان و دیپلۆماسی چارەسەربکرێن و وتی، "کارەکتەری سەرەکی چارەسەری پرسی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە. ئەو کێشەیە بە گۆشەگیری چارەسەرناکرێت. چارەسەری بە دانوستان دەبێت".
لە هەڵمەتی ئازادیدا قۆناغێکی نوێ دەستپێدەکات
دواتریش پانێلێک بە ناونیشانی "دەرگاکان بکەنەوە: ئەو رێگەیەی بەرەو ئازادی و ئاشتی دەچێت" بەڕێوەچوو. لەو دانیشتنەدا بەشداربووانی کۆنفڕانسەکە چوونە سەر شانۆ و لەبارەی ئەوەی هەڵمەتی 'ئازادی بۆ ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد' کە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ دا دەستیپێکرد، دەبێت بە چ شێوەیەک بەردەوام بێت گفتوگۆیان کرد.
ئەنجامنامەی کۆنفڕانسەکە: تا ئازادی
دوای گفتوگۆ ئەنجامنامەی کۆنفڕانسەکە ئاشکرا کرا. ئەنجامنامەکە بەم جۆرەیە:
"لە کۆنفڕانسی نێونەتەوەییدا لە چوارچێوەی بابەتی "زیندانیانی سیاسی لە تورکیا: گەڕان بە دوای رێگەی ئازادی و ئاشتی" بابەتی زیندانیانی سیاسی کورد گفتوگۆی لەبارەوە کرا و بە تایبەتیش بابەتی ئەوەی کە ماوەی سێ ساڵە رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هیچ هەواڵێکی نازانرێت، خرایەبەرباس. هەروەها لە کۆنفڕانسەکەدا بابەتی پرسی کورد و چارەسەری سیاسی تاوتوێ کران.
ئەکادیمیسیانی بەناوبانگ، ئەندامانی سەندیکاکان، پارتە سیاسیەکان، بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ، مافناسان و پەرلەمانتاران بەشدارییان لە کۆنفڕانسەکەدا کرد. لە کۆنفڕانسەکەدا بە زمانێکی روون ئاشکرا کرا کە راگرتنی زیندانیکردنی رێبەر ئاپۆ و زیندانی سیاسی دیکەی کورد لە ناو ژووری تاکەکەسی، نیشانەی ئەشکەنجەیە و مایەی قەبوڵ کردن نییە.
هەرلە ئەنجامنامەکەی کۆنفڕانسەکەدا هەموو کەسایەتییە بەڕێزەکان و نوێنەرانی رێکخراوەکان بە روونی پشتیوانی خۆیان بۆ هەڵمەتی "ئازادی بۆ ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" دەربڕی.
لە کۆنفڕانسەکەدا گرنگترین بابە ئەوەبوو کە بەشداربووان لە هەموو کات زیاتر نیگەرانی تەندروستی و سەلامەتی رێبەر ئاپۆن. داخستنی بێ وەستانی ژوورەکانی زیندانی رێبەر ئاپۆ کە ماوەی سێ ساڵە بەردەوامە، مەترسیەکی گەورەیە لە سەر تەندروستی جەستەیی و دەرونی رێبەر ئاپۆ. لەبەر ئەوە جگە لە زانیاریی ئەوەی بە پاساوی 'رێکاری دیسپلین' دیداری بنەماڵە و پارێزەران ئاستەنگ کراون و بانگەشەی هەڕەشەی کوشتن، لە بارەی دۆخی رێبەر ئاپۆوە هیچ زانیارییەک بەردەست نییە.
هەروەها لەماوەی تاوتوێی ئەوەکرا کە لەمەودوا چی بکرێت و لە ئەنجامدا ئەم بڕیارانەدران:
*دەبێت گۆشەگیری لەسەر بەڕێز ئۆجالان دەستبەجێ هەڵبگیرێت و بۆ ئەوەی بەڕێز ئۆجالان لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرانی دیدار ئەنجام بدات، پێویستە ئەنجومەنی ئەوروپا بە خێرایی هەوڵەکانی بخاتەگەڕ.
*لە بەر ئەوەی ماوەی سێ ساڵە هیچ هەواڵێک لە بەڕێز ئۆجالان و هاوڕێکانی بەردەست نییە و بەهۆی جددیبوونی هەڕەشە چاوەڕێکراوەکان لە سەر ژیانی ئەو، ئێمە داوا لە سکرتێری گشتیی ئەنجومەنی ئەوروپا و ئەنجومەنی پەرلەمانتاران، نوێنەرانی تایبەتی یەکێتی ئەوروپا و نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجە دەکەین بە زووترین کات شاندێک پێکبهێنن بۆ ئەوەی لە زیندانی ئیمراڵی سەردانی عەبدوڵا ئۆجالان بکەن و لەگەڵیدا کۆببنەوە.
*بۆئەوەی دۆخی مەترسیدار لە ئیمراڵی لە راگەیاندنی هەرێمی و نێونەتەوەییدا جێگەری بەرفراوان بگرێتەوە، دەبێت هەوڵی زۆر بخرێتەگەڕ.
*دەبێت سەندیکاکان بۆ راکێشانی سەرنج بۆ سەر دۆخی زیندانیانی سیاسی لە تورکیا، لە کاتێکی گونجاودا مانگرتنی گشتیی یەک خولەکی هەڵسەنگێنن و جێبەجێی بکەن.
*دەبێت ئەو پارێزەرانەی گومان و نیگەرانیان هەیە، لەلایە ئەو سەندیکایانەی تیایاندا ئەندامن باس لە نیگەرانیەکانیان بکەن و دواتر لە رێگەی وەزارەتەکانی داد لە وڵاتانی خۆیانەوە پەیوەندی بە هاوپیشەکانیانەوە لە تورکیا بکەن.
*پێویستە بابەتەکە بە تایبەتی بخرێتە بەرنامەی کاری یەکێتی ئەوروپا و ئەنجومەنی ئەوروپا و هەموو پەرلەمانەکانی وڵاتانی ئەندامی یەکێتیەکە.
*دەبێت دەستبەجێ هەموو هاوکارییە ئابووری و سەربازییەکان لەگەڵ دەوڵەتی تورک کە یاساکانی خۆی و یاسا نێونەتەوەییەکان پێشێل دەکات، رابگیرێت. ئەو چەکانەی بە تورکیا دەفرۆشرێن، هەموو رۆژێک لە کوردستان لە دژی گەلی کورد و بۆ ئەنجامدانی تاوانی شەڕ بەکاردەهێندرێن.
*وەک دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٤ بڕیاری خۆی لە بارەی رێبەر ئاپۆوەدابوو، ئەوەی خستبووەڕوو کە دەبێت کە پێناو ئازادی رێبەر ئاپۆدا گۆڕانکاری و هەمواری یاسا ئەنجامبدرێن، لەم چوارچێوەدا رێبەر ئاپۆ کە لە بەرامبەر داگیرکەری و شەڕی تورکیا لە دژی گەلی کورد کە بە دەیان ساڵە بەردەوامە، پێداگری لە سەر چارەسەری دادپەروەرانە، ئاشتیانە و دیموکراتیک دەکات، بۆ ئەوەی پەیوەست بە دۆخەکە رۆڵی گرنگ بگێڕێت، دەبێت ئازاد بکرێت".
هـ . ب