قوبرس وەرگرتنی پەنابەرانی سووری تا کاتێکی نادیار راگرت

قوبرس رایگەیاند، بە هۆی زۆربوونی ژمارەی پەنابەرانی سوریا وەرگرتن و وردبینی دۆسیەکانی داواکاری پەنابەرانی خەڵکی ئەو وڵاتەی راگرتووە.

سەرۆککۆماری قوبرس نیکۆس هریستۆدولیس لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "بەهۆی ئەو لێشاوەی ئەم دواییەی پەنابەرانی سوری، راییکردنی کارەکانی تاوتوێکردنی داواکاری پەنابەران وەستێندراوە"، هریستۆدولیس ئاشکرای نەکرد کە ئەو بڕیارە تاکەی بەردەوام دەبێت.

لەماوەی رابردوودا بەتایبەتی لە سنووری لوبنانەوە بە هەزاران پەنابەر خۆیان گەیاندە قوبرس. بە گوێرەی ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە ٤ هەزار پەنابەری چوونە ناو قوبرسەوە. لە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ٢٠٢٣دا تەنیا ٧٨ پەنابەر روویان کردبووە قوبرس.

سەرۆککۆمار هریستۆدولیس بەر لەماوەیەک لە میانی سەردانەکەی بۆ بەیروت داوای لە کاربەدەستانی لوبنانی کردبوو، بۆ وەستاندنی لێشاوی پەنابەری رێکاری پێویست بگرنەبەر.

دوای ئەم بریارە نوێیە و تا ئەو کاتە بڕیارێکی جیاواز دەردەچێت، سەرجەم ئەو پەنابەرانەی دەگەنە کەناراوەکانی قوبرس رەوانەی کەمپەکان دەکرێن.

هـ .ب