رێپێوانی ئینترناسیۆناڵیستەکان لە دووەم رۆژدایە: ئازادی سەردەکەوێت!

رێپێوانی ئینترناسیۆناڵیستەکان کە لەپێناو ئازادی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە شاری بازێل دەستیپێکردووە، لە دووەم رۆژیدا لە شارەکانی فەرەنسا بەردەوامە. بەشداربووانی رێپێوانەکان رایانگەیاند، بەرخودان و ئازادی سەردەکەون.

رێپێوانی درێژمەدوای ئینترناسیۆناڵیستەکان لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری بۆ پرسی کورد" دوێنی لە شاری بازێلی سویسرا دەستیپێکرد و رۆژی دووەمی چالاکیەکە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە شاری ساینت لوییسی فەرەنسا بەردەوام بوو.

رێپێوانی ئینترناسیۆناڵیستەکان لە ساڵی ٢٠١٧ەوە بە بەردەوامی و بەر لە ١٥ی شوبات ئەنجام دەدرێت، ئەمساڵیش لە ١٣ وڵاتی جیهانەوە بە بەشداری ٢٠٠ ئینترناسیۆناڵیست دەستیپێکرد.

ئینترناسیۆناڵیستەکان بە بەرزکردنەوەی نوسراوی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری بۆ پرسی کورد" رێپێوان دەکەن و لەگەڵ وێنەکانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئاڵاکانی پەکەکەش بەرز دەکەنەوە. لە رێپێوانەکەدا بە زمانی جیاجیا و بە بێ وەستان دروشم بۆ ئازادی و بەرخودان دەوترێتەوە. هاوکات لە رێگەی بڵاوکردنەوە بروشەرەوە ئاماژە بە گۆشەگیری لە ئیمراڵی و پاڕادایمی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەکەن.

کوردستانیانیش لەناو رێگە بەشداری لە رێپێوانی ئینترناسیۆناڵیستەکاندا دەکەن، بە دروشمدان پشتیوانی خۆیان بۆ بەرخودانی زیندانەکان دەردەبڕن.

ئینترناسیۆناڵیستەکان لە گەشتەکەیاندا لەگەڵ شارەوانیەکانیش دیدار ئەنجام دەدەن و سەبارەت بە گۆشەگیری لە سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دۆسیەیان پێشکەش دەکەن.

هـ . ب