ساڵوەگەڕی دامەزراندنی پەکەکە لە ئاڵمانیا پیرۆز کرا

لە شاری ساربێکی ئاڵمانیا جەژنی ٤٦ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی پەکەکە بە جۆش و خرۆشەوە پیرۆز کرا.

٤٦ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە شاری ساربێکی ئاڵمانیا بە بەشداری بەشێکی زۆر لە کوردستانیان پیرۆز کرا. مەراسیمەکە بە پێشەنگایەتی ئەنجومەنی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کورد لە ساربێک بەخولەکێک ڕێزگرتن بۆ یادی شەهیدانی ئازادیی کوردستان دەستی پێکرد. لە مەراسیمەکەدا هونەرمەندان بەنەڤش جزیری، سیپان خەڵات، یڵماز تەکین و کانی بیلال بەشداریان کرد.

 لەلایەن هاوسەرۆکانی DKTM وتاری دەستپێکی مەراسیمەکە پێشکەشکرا و ڕاگەیاندرا: "مەراسیمەکە پێشەکەشی ڕێبەر ئاپۆ و شەهیدان و بنەماڵەی شەهیدان دەکەین. هەروەها جەژنی ژیانەوە لە کوردستانیانی هەر چوار پارچەی کوردستان پیرۆز دەکەین، بە دامەزراندنی پەکەکە گەلی کورد ئەمڕۆ هەبوونی خۆی لە هەموو شوێنێکدا جەژن دەگرێت.

ئەمڕۆ گەلی کورد بە قۆناغێکی زۆر گرنگدا تێدەپەڕێت. بۆیە لەو باوەڕەداین هەتا ئازادی خۆمان و ڕێبەرایەتیمان دەستەبەر نەکەین، بەردەوام دەبین لە تێکۆشان."

پێویستە گەلەکەمان لە ڕۆژئاوای ئەوروپا خاوەنداری لە ڕۆژئاوا بکات

لە مەراسیمەکەدا سیاسەتمەدار فەیسەڵ ساری یڵدز قسەی کرد و وتی: "ئەگەر ئێمە بڕژینە مەیدانەکان و دەنگمان هەڵبڕین، بێگومان کۆمەڵگەی ئەوروپاش دەنگمان دەبیستێت و ناچار دەبن گوێ لە داواکارییەکانمان بگرن. بەباشی دەزانرێت کە لە ڕۆژئاوا و سوریا لە ڕێگەی سەلەفی و داعشەوە هەرگیز دیموکراسی بەدی نایەت.

ساری یڵدیز، چەند نمونەیەکی لە ڕاپەڕینەکانی کورد هێنایەوە و سەرنجی بۆ گرنگی یەکێتی نەتەوەیی کورد ڕاکێشا و وتی: "ببینن ڕاپەڕینەکانی پێشوو لە لایەن بنەماڵەیەک، یان تەنیا لە شارێک یان هەرێمێک سەری هەڵداوە. بۆ نموونە ڕاپەڕینی سەید ڕەزا لە دێرسیم ڕوویدا، بەڵام کوردانی دانیشتووی هەرێمەکانی دیکە تێیدا بەشدارییان نەکرد، لەبەر ئەوەی هێز و یەکێتی کوردان لاواز بوو. سەرهەڵدانی زۆر ڕوویداوە و قارەمانانی زۆر ژیانیان لەدەستداوە. بۆیە سەرهەڵدانەکان تا ساڵی ١٩٣٨سەرکەوتوو نەبوون. تەنها لە دێرسیم ٨٠ هەزار لە گەلەکەمان کۆمەڵکوژ کران. ڕووباری مونزور بوو بە دەریاچەی خوێن. ژن و منداڵان لە ئەشکەوتەکاندا ژەهرکوژ کران. بۆ سەدەیەک کوردستان کرا بە گۆڕستان.

هەروەها کاتێک لە جزیر بەرخۆدانی خۆبەڕێوەبەری دەدرا، محەمەد تونچ بە تەلەفۆن وتی: "ئێمە ٦٠ هاوڵاتی مەدەنین. هەموومان بێ چەکین بەڵام بە بێ هۆ نەهاتووینەتە ئێرە. بەپێی یاسای نێونەتەوەیی لەبەر ئەوەی هەموومان بریندارین پێویستە بمانبەنە نەخۆشخانە. بەڵام دەوڵەتی تورک دەیەوێت ئێمە ئاڵای سپی هەڵبکەین بکەوینە سەر پێی ئەوان. دەیانەوێت بە پۆستاڵەکانیان بەسەرماندا بڕۆن. با گەلەکەمان باش بزانێت ئێمە نەوەی شێخ سەعید و سەید ڕەزاین. ئێمە هەڤاڵانی کەماڵ و خەیرین. ئێمە سەر بۆ کەس نەوی ناکەین. با گەلەکەمان شانازیمان پێوە بکات." بەڵام ببینن، ئەم ئیرادەیە وەک شاخێکە. بەم ئیرادەوە شۆڕشێک لە ڕۆژئاوا سەریهەڵدا. هەمووان لە بیریانە کاتێک لە کۆبانێ تەنها ١٠٠ کەس مابووەوە، بەڵام ئەو تێکۆشەرانە کۆبانێیان بەجێنەهێشت و دواتر ئینترناسیۆنالیست و شۆڕشگێڕەکان لە تورکیا و لە هەموو جیهانەوە ڕوویان لە ڕۆژئاوا کرد و لەوێ حەماسەتیان خوڵقاند. مەڵێن دەوڵەتان ئەو شۆڕشەیان نەبینی، بەڵکوو هەموویان دەبینن چی ڕوودەدات. ژیژەک دەڵێ ئێمە لە جیهاندا هیچ ئومێدێکمان بە دیموکراسی نەمابوو، بەڵام گەلی کورد هیوای ئێمەی زیندوو کردەوە. ئەمە بۆ ئێمە جێگای شانازی و سەربەرزییە. بۆیە پێویستە بە ڕۆڵەکانمانەوە سەربەرز بین. ئەڵبەت قۆناغی سەخت لە ئێستاوە دەست پێدەکات."

دوای وتارەکان جەژنی دامەزراندنی پەکەکە بە پێشکەش کردنی گۆرانیەکانی هونەرمەندانی بەردەوام بوو.