شەڕی غەززە گەیشتە ١٠٠ ڕۆژ: نزیکەی ٢٤ هەزار کەس کوژراون

شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس گەیشتە ١٠٠ ڕۆژ. بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستی حەماس لە ٧ ی تشرینی یەکەمەوە نزیکەی ٢٤ هەزار کەس لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا گیانیان لەدەستداوە.

وەزارەتی تەندروستی حەماس ڕۆژی یەکشەممە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، دووپاتی کردەوە، لە سەرەتای شەڕی غەززەوە تا ئێستا ٢٣ هەزار و ٩٦٨ کەس کوژراون و زۆربەیان ژن و مناڵن.

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکە لە ٧ ی تشرینەوە لە چەند ناوچەیەکی بچوکی فەڵەستیندا، ٦٠ هەزار و ٥٨٢ کەس برینداربوون.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهۆ ڕۆژی شەممە گوتی: "کەس ناتوانێت بمانوەستێنێت، نە لاهای و نە بەرەی شەڕ".