ئه‌و تیرۆریسته‌ی توركیا په‌روه‌رده‌ی كردبوو له‌ تونس به‌ نیازی كرده‌وه‌ی خۆكوژی بوو

به‌پێی ئاژانسی فه‌رمی هه‌واڵی تونس وه‌زاره‌تی ناوخۆی تونس رایگه‌یاندووه‌، هێرشێكی تیرۆرستیان له‌ ناوچه‌یه‌كی گه‌شتیاری پوچه‌ڵكردوه‌ته‌وه‌. باس له‌وه‌ده‌كرێت تیرۆریستێك كه‌ نێردرابوو له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی توركه‌وه‌ له‌ سوریا به‌روه‌رده‌ كراوه‌.

وه‌زاره‌تی ناوخۆی تونس رایگه‌یاند، كه‌ ژنه‌ تیرۆریستێك كه‌ له‌ لایه‌ن توركیاوه‌ په‌روه‌رده‌كرابوو، دوای ئه‌وه‌ی له‌ داواكاری گشتیی كۆماری وته‌ی لێوه‌رگیراوه‌، ده‌ستبه‌رسه‌ر كراوه‌.

له‌ راگه‌یه‌نراوی وه‌زاره‌ته‌كه‌دا باس له‌وه‌كراوه‌، ژنه‌ تیرۆریستی ته‌مه‌ن 22 ساڵ له‌ ده‌ره‌وه‌ی تونس په‌روه‌رده‌كرابوو. له‌ راگه‌یه‌نراوی وه‌زاره‌ته‌كه‌دا باس له‌وه‌كراوه‌ ژنه‌ تیرۆریسته‌كه‌ ناوچه‌ گه‌شتیاریه‌كانی كردوه‌ته‌ ئامانج و پلانی دانابوو كه‌ كرده‌وه‌ خۆكوژی له‌ ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كاندا بكات، به‌ڵام له‌ 10ی كانونی دووه‌م له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی تونس كاتێك تیرۆریسته‌كه‌ له‌ توركیاوه‌ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ ده‌ستگیركرا.

له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، كه‌ تیرۆریسته‌ ته‌مه‌ن 22 ساڵه‌كه‌ دانی به‌وه‌دا ناوه‌ كه‌ به‌ر له‌وه‌ی بچێته‌ سوریا له‌ توركیا بووه‌ و له‌وێوه‌ چووه‌ته‌ ناو گروپه‌ تیرۆریستیه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی هێرشی تیرۆریستی له‌ تونس ئه‌نجام بدات په‌روه‌رده‌كراوه‌.

هـ . ب