ئەمجارە تورکیا نەیتوانی سەبارەت بە گۆشەگیری وڵامی پرسیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بداتەوە

شاندی تورکیا بە وتنی، "گۆشەگیری نەسەپێنراوە، قەدەغەکردن هەیە" هەوڵیدا بەرگری لەخۆی بکات، ئەمجارەیان لەگەڵ پرسیارەکانی پەیامنێری تایبەت؛ "ئایا ئەم قەدەغەکردنە کاتییە یان هەمیشەیی؟ بەڕێز ئۆجالان چ کاتێ دەتوانێ لەگەڵ پارێزەر و بنەماڵەکەی کۆببێتەوە؟" ڕووبەڕوو

گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەڵی کورد پرسی دانیشتنی نەتەوەیەکگرتووەکانە

٨٠هەمین دانیشتنی کۆمیتەی بەرەنگاربوونەوە دژ بە ئەشکەنجەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ٨ی تەمموزەوە لە کۆشکی ویڵسنی ئۆفیسی ژنێڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستیپێکرد، ئەمڕۆ بە دانیشتنی تورکیا بەردەوام بوو. پەیامنێرانی کۆمیتەی دژ بە ئەشکەنجەدانی نەتەوە یەکگرتووەکان، نوێنەرانی ڕێکخراوە ناحکومییەکان سەبارەت بە تورکیا ڕاپۆرتیان پێشکەش کرد و شاندی تورکیاش بەشداری دانیشتنەکە بوون.

دانیشتنی ئەمڕۆ بە وڵامی شاندی تورکیا بە پرسیارەکانی پەیامنێرانی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و پرسیارە نوێیەکان لە شاندی تورکیا بەردەوام بوو.

شاندی تورکیا کە لە دانیشتنەکانی دوێنێدا نەیتوانی وڵامی مەیدە نائۆکۆی پەیامنێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بداتەوە و وتی: "گۆشەگیری نەسەپێنراوە، قەدەغەکردن هەیە"، تا ئەمڕۆش سەبارەت بە مەرجەکانی گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەبەردەم پرسیارەکاندایە.

پەیامنێری تایبەتی ئەمڕۆ سەبارەت بە گۆشەگیری پرسیاری نوێی کرد

پەیامنێری تایبەت دژ بە ئەشکەنجەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەختیار توزموخامەدۆڤ، سەبارەت بە بەرگریکردنی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی زیندانەکانی وەزارەتی دادی تورکیا، فاتح گونگور، سەبارەت بە سزای دیسپلینیی سەر عەبدوڵا ئۆجالان و ٣ زیندانی دیکەی ئیمرالی، پرسیاری لەبارەی بەردەوامی گۆشەگیریی و لایەنە یاساییەکانی قسەی کرد.

پەیامنێری تایبەت بەختیار توزموخامەدۆڤ، لە درێژەی قسەکانیدا، جەختی لەسەر گرنگی پەیوەندی نێوان زیندانیان و پارێزەرەکانیانی کردەوە و بەم شێوەیە وتی:

"گوترا بەهۆی سزا سەپێندراوی دیسپلینەوە بەسەر بەڕێز ئۆجالان، دیدار لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرانی قەدەغە نەکراوە. ئایا ئەم قەدەغەکردنە تەنها یەکجارە، یان بۆ ماوەی ٣ – ٦ مانگە، یان ڕاستەوخۆ دوای تەواوبوونی دووبارە دەبێتەوە؟

ئەگەر ئەم سزایە چەندین جار سەپێنرابێ، بەڕێز ئۆجالان بەگشتی تاکەی لەپەیوەندی و چاوپێکەوتنەکانی بێبەش دەبێت؟ لێرەدا تەنیا باسی بەڕێز ئۆجالان دەکەم. لە حاڵەتەکانی تردا تا کەی دەتوانرێت لەکۆبونەوە لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرەکان ڕێگری لێ بکرێت؟

لەبەر ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ پەیوەندی بە پارێزەرەکانەوە زۆر گرنگە. ئایا ئێوە دەتوانن سەبارەت بەو یاسایانەی کە ڕێگە بەو جۆرە گۆشەگیرییانە دەدات و ڕێگە لە پەیوەندی نێوان پارێزەران و کەسانێکە لە ئازادییان بێبەش کراون بە پێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان زانیاریمان پێ بدەن؟

تورکیا نەیتوانی وەڵام بداتەوە

شاندی تورکیا کە دوێنێ نەیانتوانی وڵامی گۆشەگیریی سەپێنراوی ئیمرالی بدەنەوە و وتیان: "گۆشەگیری نەسەپێنراوە، قەدەغەکردن هەیە"، پرسیارەکانی پەیامنێری تایبەت توزموخامەدۆڤ بێ وەڵام مانەوە و نەیانتوانی وڵام بدەنەوە.