ئێران لە کەنداو دەستبەسەر کەشتییەکدا دەگرێت

ڕاگەیاندرا، ئێران لە کەنداو بە پاساوی قاچاخچێتی بەنزین دەستیگرتووە بەسەر کەشتیەکی بیانیدا و ١٤ کارمەندی دەستبەسەر کردووە.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، هێزە دەریاییەکانی سەر بە پاسداران لە کەناراوەکانی مینای بوشەهر لە باشوری ڕۆژئاوا، دەستیان گرتووە بەسەر کەشتییەکدا کە دوو ملیۆن لیتر بەنزینی قاچاخی هەڵگرتووە و ئاڵای وڵاتێکی ئۆقیانووسی لەسەر بووە.

ئاژانسی تەسنیم ڕایگەیاند ١٤ کارمەندی کەشتیەکە کە هاوڵاتی دوو وڵاتی ئاسیا بوون دەستبەسەر کران، زانیاری زیاتر لە ئاژانسەکەوە نەخراوەتە بەردەست.

هێزەکانی ئێران بەردەوام باس لە دەستبەسەرداگرتنی ئەو کەشتیانە دەکەن کە بەنزینی قاچاخ دەگوازنەوە.  

بەگوێرەی میدیاکاننی دەوڵەتی ئێران لە مانگی ئەیلولدا دوو تانکەریان دەستبەسەر کردووە کە زیاتر لە ١،٥ لیتر بەنزینی هەڵگرتووە و ئاڵای پەنەما و تانزانیای لەسەر بووە، هەروەها ٣٤ کارمەندیان دەستبەسەر کردووە.