ئەوروپیەکان لەدژی گرانی خۆپیشاندانیان ئەنجامدا

لە شارەکانی ئەڵمانیا، فەڕەنسا و ئیتاڵیا هاوڵاتیان لەدژی گرانی کەلوپەل و خواردن رژانە نێو شەقامەکان.

لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا، بە هەزاران کەس بەشداریان لە چالاکی شەرمەزارکردن لەدژی گرانبوونی کەلوپەل و خواردن کرد.

خۆپیشاندەران لەسەر بانگەوازی پارتە چەپەکان و سەندیکاکان رژانە نێو شەقامەکان، داوای زیادبوونی موچەکان و گەرەنتیکردنی کارەکانیان و کەمکردنی هەڵاوسان کرد.

لە ئەڵمانیا بەهۆی زیادبوونی نرخی سوتەمەنی و دەغل و دانەوە خۆپیشاندان ئەنجامدرا. نزیکەی دووسەد کەس لە بەردەم ئۆفیسی سەرۆکوەزی ئۆلاف چلورز کۆبونەوە و بە دروشمی هاوکاری بەپەلە بۆ هەژاران پشتگیریان لە هاوڵاتیانی هەژار کرد.

لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا، رۆژی شەممە گروپێک بەهۆی گرانبوونی غاز و کارەبا و زۆربوونی باج و بۆ زیادکردنی موچە و هاوکاری کۆمەڵایەتی کۆبونەوە. هاوڵاتیان وتیان، " بەهۆی زۆر باجەوە ژیانی هاوڵاتیان ناخۆش بووە. گرانی کاریگەریەکی گرانی لەسەر هەژاران دروست کردووە."

بەهۆی شەڕ، قەیرانی دەغل و دان و زیادبوونی هەواڵسان، کۆمەڵگای ئەوروپا لەژێر مەترسیدایە. لایەنە سیاسیەکانیش هەوڵی چارەسەری دەدەن.

ف.ق