ئیسپانیا لە هەوڵی کۆکردنەوەی پشتیوانییە بۆ دانپێدانان بە دەوڵەتی فەلەستین

سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا پێدرۆ سانچێز هەوڵ دەدات وڵاتانی ئەوروپی بە دانپێدانان و بە فەرمی ناسینی دەوڵەتی فەلەستین قایل بکات. سانچێز وتی، 'ئەو هەنگاوە لە بەرژەوەندی ئەوروپاشدایە'.

سەرۆکوەزیرانی سۆسیالیستی ئیسپانیا لە وتارێکدا لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی وتی، "کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دان بە هەبوونی دەوڵەتی فەلەستینیدا نانێت، هەربۆیە ناتوانێت یارمەتی بدات".

سانچێز ئەوەشی خستەڕوو، کە ئەوە 'لە رووی ژیۆپۆلیتیکەوە لە بەرژەوەندی ئەوروپاشدایە' و جارێکی دیکە دەستنیسانی کرد، کە مەدرید بۆ ئەوە ئامادەیە. بەڵام پەیوەست بە وادەی دانپێدانان و بەفەرمی ناسینی دەوڵەتی فەلەستین هیچ زانیارییەکی رانەگەیاند.

سانچێز هەفتەی رابردوو سەردانی ئوردن، سعودیە و قەتەری کردبوو، لەو سەردانانەدا هەمان لێدوانی بۆ رۆژنامەوانان دابوو.

ئەو سەرکردە سۆسیالیستە بۆ بە فەرمی ناسینی دەوڵەتی فەلەستین لە لایەن ئیسپانیاوە، تەنیا دوای حوزەیرانی وەک وادە خستبووەڕوو.

ئیسپانیا لە ساڵی ١٩٨٦ەوە پەیوەندی دیپلۆماتیکی لە ئیسرائیل هەیە. لە ساڵی ٢٠١٤دا لە سەردەمی حکومەتی پارێزگارەکان، پەرلەمانی ئیسپانیا بە زۆرینەی دەنگ بە فەرمی ناسینی دەوڵەتی ئیسپانیای پەسەند کرد، بەڵام لەلایەن حکومەتی ئەو وڵاتەوە بەو ئاراستەیەدا هەنگاو نەنرا.

لە مانگی تشرینی دووەم بەدواوە سانچێز باسی لە بە فەرمی ناسینی دەوڵەتی فەلەستینی سەرلەنوێ هێنایەوە بەرباس و دەیەوێت لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا بە شێوەی هەماهەنگ هەنگاو بنێن.

هـ. ب