ئیسرائیل هێرشی کردە سەر کەمپی ئاوارەکان: زیاتر لە ١٠٠ کوژراو و بریندار هەن

سوپای ئیسرائیل لە خان یونس هێرشی کردە سەر کەمپی ئاوارە فەڵەستینییەکان کە بەهۆی شەڕەوە ناچاربوون شوێنی خۆیان جێبهێڵن، لە ئەنجامی هێرشەکەدا زیاتر لە ١٠٠ کوژراو و بریندار هەن.

سوپای ئیسرائیل خێمەکانی هەرێمی مەواسی ڕۆژئاوای شاری خان یونسی لە کەرتی غەززە بۆردوومان کرد، ڕاگەیاندراوە، لەم هێرشەدا زیاتر لە ١٠٠ کوژراو و بریندار هەن.

بەگوێرەی نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکومەتی غەززە، لە ئەنجامی هێرشەکەدا ٢٠ کەس کوژراون و ٩٠ کەس بریندار بوون. لای خۆیەوە، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند لێکۆڵینەوە لەم هەواڵانە دەکات. نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکومەتی حەماس هێرشەکەی وەک "کۆمەڵکوژییەکی مەزن" ناساند و ئەندامانی دەزگای فریاکەوتنی مەدەنی لەنێو کوژراوەکاندا هەن.

هەروەها یەکینەکانی پاراستنی مەدەنی لە غەززە ڕایگەیاند لە هێرشەکاندا بۆ سەر مەواسی کە ئیسرائیل وەک "هەرێمی ئەمنی" ڕایگەیاندووە، لانی کەم ٥٠ کەس کوژراون و دەیان کەس برینداربوون.

ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل  بانگەشەی ئەوەی کرد، ئامانجی هێرشەکە سەرۆکی باڵی سەربازی لیواکانی عزەدین قەسامی سەر بە حەماس، محەمەد زەیف بووە.

بەرپرسێکی حەماس بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند هێرشەکەی خان یونس هێرشێکی دژوار بووە و بەهۆیەوە خەڵکی مەدەنی کوژراون.