ئیسرائیل لەماوەی ٥ مانگدا هێرشی کردۆتە سەر ٤ هەزار و ٥٠٠ ئامانجی حزبوڵا

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند لە سەرەتای شەڕی غەززە تا ئێستە هێرشی کردۆتە ٤ هەزار و ٥٠٠ ئامانجی حزبوڵا لە لوبنان و سوریا.

سوپای ئیسرائیل ڕۆژی سێ شەممە ڕایگەیاند شەڕ لەنێوان ئیسرائیل و حەماس ٥ مانگە بەردەوامە، تا ئێستە هێرشیان کردۆتە سەر نزیکەی ٤ هەزار و ٥٠٠ ئامانجی حزبوڵا لە لوبنان و سوریا.

بانگەشەی ئەوە کراوە لەم هێرشانەدا زیاتر لە ٣٠٠ ئەندامی حزبوڵا و هاوپەیمانەکانیان کوژراون.

٧ ی تشرینی یەکەم کە شەڕ لە غەززە دەستی پێ کرد، ڕۆژانە لەنێوان ئیسرائیل و حزبوڵا لەسەر سنووری ئیسرائیل و لوبنان پێکدادان دەقەومێت و ئەمەش نیگەرانی خوڵقاندووە سەبارەت بە هەڵگیرسانی ململانێیەکی هەرێمی.

لەلایەکی تر وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل ئیتامار بین گڤیر بانگەوازی لە وەزیری بەرگری ئیسرائیک یواڤ گالانت کرد، هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان زیاتر بکات.

حزبوڵا ڕایگەیاند بۆ تۆڵەسەندنەوەی دوو هێرشەکەی ئیسرائیل لە شەوی دووشەممە بۆ سەر بیقاع، ئەم بەیانییە زیاتر لە ١٠٠ موشەکی کاتیۆشایان گرتۆتە ئیسرائیل.