ژمارەی ئەو کەسانەی لە خۆپیشاندانەکانی کینیا کوژران گەیشتە ٢٢ کەس

ڕاگەیاندرا ژمارەی ئەو کەسانەی لە کینیا لە خۆپیشاندانەکانی دژی حکومەت کوژراون گەیشتۆتە ٢٢ کەس.

کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیی کینیا کە ڕێکخراوی فەرمی مافەکانی مرۆڤە، ڕایگەیاند ٢٢ کەس لە وڵاتەکە کوژراون و ١٩ کەسیان لە نیرۆبی پایتەخت بووە، هەروەها زیاتر لە ٣٠٠ کەس برینداربوون و زیاتر لە ٥٠ کەس دەستگیرکراون.

سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە ڕۆزەلین ئۆدێدێ ڕایگەیاند دەربارەی حاڵەتەکانی کوشتن لێکۆڵینەوەی دەست پێ کردووە.

خەڵک دژی ڕەشنووسی بودجەی ٢٠٢٤-٢٠٢٥ کە زیادکردنی باج لەخۆدەگریت، لە ٨ ڕۆژی دواییدا، بۆ جاری سێیەم ڕژانە گۆڕەپانەکان. لە ڕۆژی سێیەمی چالاکییەکەدا، پەیوەست بە ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە، زانیاری بڵاونەکراوەتەوە.

دەقەکە کە ڕۆژی سێشەممە لە لایەن پەرلەمانەوە پەسەند کرا، تا ئێستا لەلایەن سەرۆک ویلیام ڕوتۆ ڕانەگەیەندراوە.

ڕۆژنامەنووس و چالاکوان حەنیفە ئادان، کە یەکێکە لە ناوە سەرەکییەکانی خۆپیشاندانەکان، لە هەژماری ئێکس ڕایگەیاند: "هێزی سەروەری بۆ گەلی کینیایە. ناتوانن هەموومان بکوژن. سبەی بۆ هەموو شەهیدانمان جلی سپی دەپۆشین و جارێکی تر بە ئاشتیانە ڕێپێوان دەکەین. ئێوە لەبیر ناکرێن".