ژنانی چوار پارچەی کوردستان داوای ئازادکردنی ئەندامەکانی ڕژاک دەکەن

ژنانی چوار پارچەی کوردستان لە وڵاتی نەرویجەوە داوای ئازادکردنی ئەندامەکانی ڕژاک دەکەن و ئەو کردەوەیەی پەدەکە شەرمەزار دەکەن.

لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا ژنانی چوار پارچەی کوردستان لە وڵاتی نەرویج، ئیدانەی دەستگیرکردنی سێ ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک لەلایەن ئاسایشی پەدەکەوە دەکەن و داوای ئازادکردنی ئەو چالاکوانانە دەکەن.

 ماوەی ٢٥ ڕۆژە سێ ئەندامی ڕژاک بە ناوەکانی "خەولە محەمەد حەسەن، جوانا عەبدولباقی و سەیران ئەحمەد حەسەن" لەکاتی گەڕانەوەیان لە ساڵیادی هێرشی داعش بۆ سەر شەنگال، لە بازگەی کەڵەک لەلایەن ئاسایشی پەدەکەوە دەستگیر دەکرێن و هیچ زانیارییەک دەربارەیان نازانرێت، ڕێگەش نادرێت خێزانەکانیان و پارێزەر بیانبینن، بەپێی ئەو زانیارییانەش کە لەلایەن بەڕێوەبەرانی ڕژاکەوە وەرگیرابوون، یەکێک لەو ژنانە باری تەندروستی ناجێگیر بوو.

بەو بۆنەیەوە ژنانی چوار پارچەی کوردستان لە نەرویج لە بەیاننامەیەکدا هەڵوێستی خۆیان خستەڕوو، ڕوبار یوسف لەسەر ناوی ژنانی بەشداربوو، وتی: ئیدانەی ئەو کارە نامۆرڤانەیەی پەدەکە دەکەین، وەکو ژنانی چوار پارچەی کوردستان داواکارین بە زووترین کات ئەو چالاکوانانە ئازادبکات، ئەگەرنا ناچارین ئێمە لە ڕێگەی ڕێکخراوەکان  و حکومەتی نەرویج و جیهانەوە ئەو کارە قێزەونەی پەدەکە بناسێنین.

ژنان لە نەرویجەوە داواشیان کرد کە بە زووترین کات ئەو ئەندامانەی ڕژاک ئازاد بکرێن، ئاماژەشیان بەوەدا: دۆخی ژنان لە باشوری کوردستان زۆر خراپە، ڕۆژانە دەستدرێژییان دەکرێتە سەر و دەکوژرێن، ئێستا شتێکی دیکە زیادی کردووە کە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە ژنان دەڕفێندرێن و بێسەروشوێن دەکرێن.

لەکۆتاشیان داوای ئازادییان بۆ هەر سێ ژنە چالاکوانی ڕژاک کرد و بە وتنەوەی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتاییان بە چالاکییەکەیان هێنا.