ئه‌مه‌ریكا، ئه‌ورووپا و كه‌نه‌دا له‌ دژی ڕووسیا ڕیزه‌كانیان یه‌كخست

کۆشکی سپیی ئەمه‌ریکا ئاشکرای کرد، دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆکی ئەمه‌ریکا بڕیاری دەرکردنی ٦٠ دیبلۆماتکاری ڕووسیای داوە و ١٤ وه‌ڵاتی ئەورووپاش ھەڵوێستی ھاوشێوە دەگرنەبەر.

بەپێی ھەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەمه‌ریکا بڕیاریداوە ٤٨ دیبلۆماتکاری ڕووسیا لە وه‌ڵاتەکەی  و ١٢ نوێنەری ئەو وه‌ڵاتە لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەربکات. ئەمە لە کاتێکدایە دۆناڵد تۆسک، سەرۆکی ئەنجومەنی ئەورووپا هه‌ڵوێستی ھاوشێوەی ژمارەیەک وه‌ڵاتی ئەورووپای لە به‌رانبه‌ر ڕووسیا ئاشكرا كرد.

دوای تۆمەتبارکردنی حکوومەتی ڕووسیا بە ژەھرخواردکردنی كۆنه‌‌سیخووڕی بەریتانیا «سكریباڵ» و ده‌ركردنی دیبلۆماتكاره‌ ڕووسییه‌كان له‌ به‌ریتانیا، ڕۆژ بە ڕۆژ گرژییه‌كان له‌ په‌یوه‌ندییه‌ دیبلۆماسییه‌كان له‌گه‌ڵ ڕووسیا ته‌شه‌نه‌ ده‌كات.

لەو چوارچێوەیەدا، ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆکی ئەمه‌ریکا، بڕیاری دەرکردنی ٦٠ دیبلۆماتکاری ڕووسیای دەرکرد. بڕیارەکەی ترەمپ داخستنی کونسوڵخانەی ڕووسیا لە سیاتێڵ-یش دەگرێتەوە.

هاوكات ئه‌مڕۆ ژمارەیەک وه‌ڵاتی ئەورووپا و کەنەدا دیبلۆماتکارانی ڕووسیایان لە وه‌ڵاتەکانیان دەرکرد، بەشێوەیەک ئەڵمانیا و فەرەنسا ھەریەکە ٤ دیبلۆماتكار، ھۆڵەندا ٢ دیبلۆماتكار، چیک ٣ دیبلۆماتكار، دانمارك ٢ دیبلۆماتكار، کەنەدا ٤ دیبلۆماتكار، ئۆکرانیا ١٣ دیبلۆماتكار، ئیتاڵیا ٢ دیبلۆماتكار و لیتوانیا ٣ دیبلۆماتكاری ڕووسیایان لە وه‌ڵاتەکانیان دەرکرد.

لێدوانەکان توندتر بوون

دوای ئەم کاردانەوانە چەندین لێدوان لە لایەن دەسەڵاتداران و بەرپرسانی ئه‌ورووپا و ئه‌مه‌ریكاوه‌ سەبارەت بەم دۆخە درا و ژمارەیەک وه‌ڵاتی ئه‌ورووپا بڕیاری دەرکردنی دیبلۆماتكارانی ڕووسیایان دا. دۆناڵد تۆسک سەرۆکی ئەنجومەنی ئه‌ورووپا لە شاری فارنا-ی بولگاریا ڕایگەیاند: ھەڵوێستی دەوڵەتە ئەورووپییه‌کان لەم ئاستەدا نامێنێتەوە و توندتر دەبێت.

هاوكات تێرێزا مەی سه‌رۆكی حكوومه‌تی بەریتانیا ڕایگەیاند: دەرکردنی دیبلۆماتکارە ڕووسییه‌کان لە لایەن ئەمه‌ریکا و وه‌ڵاتانی ئەورووپاوە، ئاماژەیەکە بۆ ڕووسیا کە چیدی ناتوانێت یاسای نێودەوڵەتی پێشێل بکات. ھەروەھا وەزیری دەره‌وەی به‌ریتانیا بوریس جۆنسن، بڕیاری دەرکردنی دیبلۆماتکارە ڕووسییه‌کانی بە گرنگ دانا و وتی: ئەمه‌ گەورەترین ھەڵوێستی بەکۆمەڵی وه‌ڵاتانە بۆ دەرکردنی ئەفسەرە سیخووڕە ڕووسییه‌کان.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ نیکی ھالی، نوێنەری ئەمه‌ریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان ئاشکرای کرد: ئەم بڕیارە کاردانەوەیه‌ له‌ به‌رانبه‌ر هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی ڕووسیا کە بووه‌ته‌ ھۆی ناسەقامگیرکردنی ئاسایشی جیھان. ھالی وتیشی: دەبێت ھەڵسوکەوتە زیادەڕەوەکانی ڕووسیا لە سووریا و ئۆکرانیا سنوورێکی بۆ دابنرێت.

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا: سەرۆک پوتین وەڵامی ڕووسیا ئاشکرا دەکات

لە کاردانەوەی بڕیارەکەی ئەمه‌ریکا، ئەورووپا و کەنەدا، وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند: ناڕەزایی توند دەردەبڕین دەربارەی بڕیاری دەرکردنی دیبلۆماتکارەکانمان لە لایەن ھەندێک دەوڵەتی ئەورووپی و ئەندامی ناتۆوە. له‌ بەیاننامەکه‌دا هاتووه‌: ئەم ھەنگاوە ھیچ بنەمایەکی دۆستایه‌تی نەپاراستووە.

بەیاننامەکە جەختی لەوە کردۆتەوە حکوومەتی ڕووسیا ھیچ پەیوەندییه‌کی به‌ دۆسیەی ژەھرخواردکردنی سیخووڕه‌كه‌ی به‌ریتانیا نییه‌. ھەروەھا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌ لە داھاتوویەکی نزیکدا، ڤلادیمێر پوتین-ی سه‌رۆكی ڕووسیا وه‌ڵامی حکوومەتی ڕووسیا ڕادەگەیەنێت.

حکوومەتی بەریتانیا لە ٤ی ئەم مارسدا، حکوومەتی ڕووسیای تۆمەتبار کرد بە ژەھرخواردکردنی سیخوورێکی پێشووی حکوومەتی بەریتانیا لە شاری سالسبۆری-ی به‌ریتانیا.

s.m